سیستمی په‌روه‌رده له کوردستان حه‌ز و تواناکانی گه‌نج ژێر گڵ ده‌کات.
هه‌ریه‌ک له ئێمه به منداڵی خه‌ونێک ژینی په‌روه‌رده ده‌کات و گشت ههنگاوێکی ته‌مه‌ن بۆ هینانه‌دی ئه‌و خه‌ونه‌ی ده‌خاته گه‌ڕ، گه‌ر گشتمان ئێستا بێین و چه‌ن ساتێک چاوه‌کانمان لێک بنێین و بیرێ له ساته‌کانی منداڵیمان بکه‌ینه‌وه، ئه‌وا ده‌بینین هه‌رهه‌مومان، هه‌ژار بوبین یان زه‌نگین، نه‌خۆش بوبین یان نا، باوک و دایکمان هه‌بوبێت یاخود نا، گشتمان خه‌ونێکمان هه‌بوه، خه‌ونێک بۆ داهاتو.
زۆر کات له خۆمان پرسیار کراوه‌و خۆشمان له مداڵانمان پرسیوه: (که گه‌وره بوی حه‌ز ئه‌که‌ی ببیت به چی)?
ته‌ماشاکه‌ن، ئه‌م پرسیاره چۆن منداڵێک ده‌فڕێنێ بۆ داهاتو، چۆن ئه‌و منداڵه چی هزر و هۆشیه‌تی بۆ بینینی خۆی به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت به‌کار دێنێت.
یه‌کێ، ده‌ڵێ ده‌مه‌وێ ببمه پزیشک، یه‌کی ده‌ڵێ پارێزه‌ر، ئه‌وی دی باخه‌وان و یه‌کێ پێشمه‌رگه و ئیتر زۆری دی.
گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ریه‌ک ئارمانجێک یاخود خه‌ونێک له دڵی له دایک ئه‌بێت و له‌گه‌ڵ ڕێڕه‌وی ڕۆژگاردا په‌روه‌رده‌ی ده‌کات.
له‌م وڵاتانه‌ی ئه‌ورۆپا کاتێ ده‌بینم هه‌ر له منداڵییه‌وه، له ساڵه سه‌ره‌تاییه‌کانی خوێندنه‌وه چۆن هه‌وڵ ده‌درێت ئاوی نه‌مامی ئه‌و خه‌ونه‌ی باخچه‌ی دڵی منداڵ ده‌درێت و له گشت قۆناغه‌کاندا هانی ده‌درێت و یاریده‌ی ده‌درێت بۆ هێنانه دی خه‌ونه‌که‌ی، خورپه به دڵمدا دێت و بیری گه‌نجانی کوردستانم ده‌که‌وێته‌وه.
ئێمه‌ی گه‌نجانی کوردستان خه‌ون ده‌بینین، به‌ڵام کاتێ له هێنانه دی نزیک ده‌بینه‌وه، ده‌ست و چاومان ده‌به‌ستنه‌وه‌و له هێنانه‌دی خه‌ونی چه‌ن ساڵه‌مان بێ به‌شمان ده‌که‌ن.
چه‌ن گه‌نج ته‌مه‌نی خۆی گشتی بۆ ئه‌وه ته‌رخان کردوه که له داهاتودا بێته پزیشکێک و خزمه‌تی وڵات بکات، که‌چی له کاتی تاقیکردنه‌وه‌کانی به‌که‌لۆریدا گه‌ر چه‌ن نمره‌یه‌ک که‌متر بینێ ئه‌وا ده‌بێت بچێته کۆلیژیک که له ژیانیدا هه‌رگیز بیری لێ نه‌کردۆته‌وه.
ڕۆژانه ده‌بیستین، ده‌خوێنینه‌وه یان ده‌بینین بۆ نمونه گه‌نجێ گشت ساڵه‌کانی خوێندنی به نمره‌ی به‌رز و پله‌ی یه‌که‌م و (مهعفوی عام) ته‌واو ده‌کات و له هینانه‌دی خه‌ونه‌که‌ی نزیک ده‌بێته‌وه و ده‌گاته شه‌شی ئاماده‌یی ئیدی زانستی بێت یان وێژه‌یی، ئیدی چاره‌نوسی خه‌ونه‌که‌ی ده‌بێته قوربانی قه‌ده‌ر و ناوچه‌وان،
چه‌ندین کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی هه‌ن که ڕێ له‌و گه‌نجه بگرن که نمره‌ی دیاریکراو بۆ کۆلێژی خه‌ونه‌کانی به‌ده‌ست بێنێ، ئاخۆ گوناهی ئه‌و گه‌نجه چی بێت که نه‌خۆش بکه‌وێ? یان کێشه‌یه‌ک له خێزانه‌که‌یدا بێته ئاراوه? یاخود خوانه‌خواسته که‌سیکی نزیک له ده‌ست بدات و خه‌م نه‌هێڵێ تاقیکردنه‌وه‌کان به پێی پێویست ئه‌نجام بدات?
زۆر سه‌یره لام، ئه‌م سیسته‌مه حهزکوژ و تواناکوژهی په‌روه‌رده‌ی کوردستان تاکه‌ی په‌یڕه‌و ده‌کرێت?
ڕێژه‌ی ده‌رچوانی خوێنداکارانی کوردستان ساڵ به ساڵ که‌م ده‌بێته‌وه به‌هۆی ئه‌م سیسته‌مه‌وه، گه‌نج له خوێندن سارد ده‌بێته‌وه چونکه دڵنیا نییه که هه‌وڵ و تێکۆشانه‌که‌ی به هێنانه‌دی خه‌ونه‌که‌ی پاداشت بدرێته‌وه.
به‌ڵێ گه‌نج بێزاره. بێزاره له زینده‌به‌چاڵ کردنی ئاواته‌کانی، بێزاره له ژیانی.
ئاخر تاکه‌ی? تاکه‌ی ده‌سته‌ڵات ته‌ماشای ئه‌نفال کردنی خه‌ون و تواناکانی گه‌نج ده‌کات?
با سه‌یر نه‌بێت لامان، که له وڵاتی ئێمه‌دا داهێنه‌ر نییه یاخود زۆر که‌مه.
وه‌رن با خۆمان له خۆمان بپرسین، گه‌ر یه‌کێ به زۆر پێمان بڵێ هه‌سته چایه‌ک لێنێ یاخود هه‌سته چیرۆکێ بنوسه، ئاخۆ چۆن بیکه‌ین?
جا وه‌ره که‌سێ هه‌ر له منداڵییه‌وه بۆ هێنانه‌دی خه‌ونێک بژی و بیه‌وێ له پیشه‌یه‌کی دیاری کراودا کار بکات بۆ نمونه خوێندکارێک گشت ته‌مه‌نی خۆی به پارێزه‌رێک بینیوه و ویستویه‌تی داهێنان له‌و بواره‌دا بکات، که‌چی له کۆتاییدا کۆلێژی دارایی وه‌ری ده‌گرێت...!!!
ده بڕوانن، ئه‌و گه‌نجه چۆن ده‌ڕوخێت، چۆن خه‌ونه زیندوه‌کانی له پێش چاوی ژێر گڵ ده‌کرێت..!
ئاخۆ ئه‌و گه‌نجه چۆن به ئاره‌زو بچێت بۆ کۆلێژ و هه‌وڵ بدات بۆ خوێندن? که زانکۆی ته‌واو کرد، به چ دڵێک ده‌ست به کار ده‌کات?
ده‌ڵێن گه‌نج بۆ کۆچ ده‌کات? لای من ئه‌م پرسیاره زۆر بێ واتایه، چونکه هۆکانی کۆچ کردنی گه‌نجانی کوردستان بۆ ڕۆژئاوا زۆر ڕونن.
گه‌نج چی له وڵاتێک بکات که خه‌ونی ته‌مه‌نی شه‌هید بکات? گه‌نج چی له وڵاتێک بکات که نه‌توانێ تێیدا به ئازادی باس له کێشه‌و نه‌هامه‌تیه‌کانی بکات?
له هه‌موشی گرنگ تر، ده‌بینیت گه‌نجی له‌به‌ر چرا تا نیوه‌ی شه‌و شه‌ونوخونی په‌رتوکه‌کانی بوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نمره‌یه به‌ده‌ست بێنێ که خه‌ونه‌که‌ی خۆی پێ بکڕێ، کوڕێ یان کچه دهستهڵاتدارێکیش له که‌یف و سه‌فای خۆیه‌تی و به نامه‌یه‌کی (واسته) له هه‌مان کۆلێژ وه‌رده‌گیرێت!!
یاخود با بڵێین منداڵی شه‌هید و ئه‌نفال کراوه‌کان له‌سه‌رسه‌رمان، به‌ڵام گوناه نییه به بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی دابێت و وه‌ک که‌سێکی دی حه‌زه‌کانی خۆی کوشتبێ له‌به‌ر خوێندن له هه‌مان کۆلێژ وه‌ربگیرێت? گه‌ر ئه‌تانه‌وێ یارمه‌تی ئه‌و که‌سانه بده‌ن، ئه‌وا به‌م شێوه‌یه نابێت، مافی گه‌نجێک مه‌خۆن به ناوی یارمه‌تی ئه‌و که‌سانه،
ده ئیتر ئاخر گه‌نج چی له وڵاتێ بکات که جیاوازی نێوان مرۆڤی تا ڕاده‌یه‌کی سامناکی له‌م شێوه‌یه‌ی تێدا به‌رچاو بکرێت?
له لایه‌کی دیکه‌وه گه‌نده‌ڵی له وڵاتی ئێمه‌دا هێند ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه که گه‌ر بیری لێ بکه‌ینه‌وه سه‌یرمان لێ دی که له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م و ته‌کنه‌لۆژیادا لای ئێمه که‌سانێک به پاره شه‌هاده ده‌کڕن و ده‌خرێنه جێگایه‌ک که شایسته‌یان نییه، یاخود له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێ له یه‌کێ له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێته‌وه کوردستان و دیپلۆمێ/ شه‌هاده‌یه‌کی پێیه. بێ ئه‌وه‌ی لیکۆڵینه‌وه له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی بکرێت ده‌خرێته جێگایه‌ک که شایسته‌ی نییه ئه‌مه‌ش له خودی خۆیدا ده‌بێته تێکدانی ئه‌و پیشه‌یه‌ی که پێی ده‌سپێردرێت و له هه‌مان کاتدا خواردنی مافی که‌سانی شایسته به‌و شوێنه یاخود ئاسته، ده ئاخر پێمان ناڵێن گه‌نج بۆ له وڵاتێک‌دا بژی که گه‌نده‌ڵی و واسته و ده‌سته‌ڵات تێیدا مافه‌کانی بخوات?
ده با ئێمه‌ی گه‌نجان ده‌نگمان یه‌ک بخه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین که گۆڕانکاری له سیستمی په‌روه‌رده‌دا بکرێت و پێشنیار و بۆچونه‌کانی خۆمان له‌م باریه‌وه بده‌ین.
به بۆچونی من گۆڕانکاری له سیستمی په‌روه‌رده‌دا ده‌بێت هیچ نه‌بێت ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ی تێدا ڕه‌چاو بکرێت:
1- لێدان و توند‌و تیژی مامۆستا به‌رامبه‌ر به خویندکاران به هیچ جۆریک نه‌مینیت و ئه‌و مامۆستایانه سزا بدرێن که توند و تیژی به‌رامبه‌ر خویندکاران به‌کار دێنن.
2- له هیچ شوێنێک هه‌مو که‌سێک وه‌ک یه‌ک زیره‌ک نییه، بۆیه پیوێسته که مه‌نهه‌جی تایبه‌تی هه‌بێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که دره‌نگ تێده‌گه‌ن و ده‌بێت پله و پۆله‌که‌یان جیاواز بێت.
3- گۆڕانی مه‌نهه‌ج له دوای تێپه‌ڕبونی چه‌ند ساڵێکدا، واته ڕوداو و لیکۆڵینه‌وه و داهینانه نویکان بخرێنه ناو مه‌نهه‌جه‌وه هه‌ر چه‌ن ساڵ جارێک، وه شاره‌زایی کردنی خویندکاران هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به جوگرافیا و مێژوی کوردستان. (له بری کێشانی نه‌خشه‌ی عیراق له تاقیکردنه‌وه‌کاندا با خوێنداکار نه‌خشه‌ی کوردستان بکێشێت)
4- خوێندکارێک ساڵێکی دور و درێژ ده‌خوێنێت و تاقیکردنه‌وه ده‌کات و نمره‌ی باش به‌ده‌ست دینێ، ده‌با ڕێژه‌یه‌ک له نمره‌ی کۆتایی ساڵ بخرێته سه‌ر نمره‌ی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌که‌لۆری و دواتر دابه‌ش بکرێت.
5- پێویسته ده‌رچوانی په‌یمانگاکان گشتیان ڕێیان پێ بدرێ که به‌رده‌وام بن و بچنه قۆناغه‌کانی زانکۆوه نه‌ک به ته‌نها 10 که‌سه دیاری کراوه‌که (عه‌شره ئه‌ل ئهوائل)
6- ئه‌و نمره‌یه‌ی که داده‌نرێت وه‌ک مه‌رجێک بۆ وه‌رگرتنی خوێندکارێک له کۆلێژێکی دیاری کراودا با ڕێژه‌یی بن، بۆ نمونه کۆلێژی ئه‌ندازیاری ئه‌مساڵ 85 ی دانا بۆ وه‌رگرتنی خوێندکاران بۆ کۆلیژه‌که به‌ڵام خوێندکار هه‌یه 84 یاخود 83 ئه‌هێنێت، بۆچی داهاتوی بسوتێندرێت و بیخه‌نه کۆلێژی زانستی بۆ نمونه?
که‌وا بێت با نمره‌کان ڕێژه‌یی بن.
7- با له کوردستانیش تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک هه‌بێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ته‌مه‌نیان 21 ساڵ و به‌ره‌و ژوره، و بۆ نمونه له به‌که‌لۆریدا ده‌رنه‌چوه یاخود له کۆلێژێکه که به دڵی خۆی نییه، تا بتوانن تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بده‌ن که توانای ئه‌و که‌سه ده‌ربخات که ئایا شیاوه بۆ ئه‌و کۆلیژه‌ی که ده‌یه‌وێ یان نا، بۆ نمونه خوێندکارێک بێ ڕه‌زامه‌ندی خۆی له کۆلێژی ئه‌ندازیاری وه‌رگیراوه وه ده‌یه‌وێت بچێت کۆلیژی پزیشکی بخوێنێت، با کۆلێژی پزیشکی تاقی کردنه‌وه‌یه‌کی بداتێ و گه‌ر له‌و تاقی کردنه‌وه‌یه‌دا سه‌رکه‌وت با ڕێی پێ بدرێ که بچێته کۆلێژه‌که‌وه.
بێگومان تاقی کردنه‌وه‌که ده‌بێت هه‌نێ شتی سه‌ره‌کی سه‌ر به خوێندنی کۆلیژه‌که‌ی تێدا بێت. (له وڵاتی هۆڵندا به‌م تاقی کردنه‌وه‌یه ده‌گوترێت تولاتینگس ئێکسامن وه بۆ هه‌مو که‌سێکه که ته‌مه‌نی 21 ساڵ و به‌ره‌وژور بێت).
زۆر پرسیار هه‌ن، که له دڵی یه‌ک به یه‌کی گه‌نجانی وڵاته‌که‌مدا وه‌ک و شه‌مێ کز ده‌سوتێن، به‌ڵام من به‌ر له کۆتایی هێنان به‌م ڕاپۆرته ڕو ده‌که‌مه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ده‌سته‌ڵات و حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌ڵێم:
ئیدی به‌سه، چاوێک به داهاتوی کوردستان و گه‌نجاندا بگێڕن و سیستمی په‌روه‌رده‌ی کوردستان به زوترین کات بگۆڕن، با چیدی توانا و داهێنان و حه‌ز و خه‌ونه‌کانی تاجه‌گوڵینه‌ی کۆمه‌ڵگا (گه‌نج) ژێر گڵ نه‌کرێن.
داهێنان و توانای گه‌نج یاخود خوێندکار به‌و نمرانه نییه که هه‌نی کات شانس بۆی دێنێ، نا، توانای گه‌نج و داهێنانی کاتێک ده‌بینرێت که به دڵی خۆی له بوارێک‌دا بخوینێت و کار بکات.
کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
هۆڵندا
[email protected]