دەنگدانەوەی ئەو پەیامەی سەرۆک ئاپۆ و پێشوازیکردنی لە ئاست زۆربەی وڵات و ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهان، جارێکی دیکە کوردستانی لە ڕۆژەڤی
خوێندنەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، بۆ پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان.
لە ڕێکەوتی ٢٧ / ٢ / ٢٠٢٥ پەیامە گرنگ ومێژوویەکەی بەڕێز ئۆجەڵان کە ٢ ڕۆژ پێش لەو رێکەوتە نووسرابوو، بڵاوکرایەوە. لەو بوارەدا، پارتی سەربەستیی کوردستان، وەک پارتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانی و، ئەرکدار لە ئاست ڕووداوەکانی وڵاتەکەمان. لەم چەند خاڵەدا خوێندنەوەی خۆی سەبارەت بە پەیامەکە، بۆ ڕایگشتی کوردستانی و جیهانی دەخاتەڕوو.
١ / بەرێز سەرۆک ئۆجەڵان، سەرەڕای ئاماژەکردن بە چەند خاڵی گرنگ، بەڵام ئەوەی کە زۆر بەرچاوە و بووەتە ڕۆژەڤ، ئەوەیە کە: داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە، لە ڕێی گرێدانی کۆنگرەیەکەوە، چەکەکانیان ڕادەست بکەن و پارتەکەیان هەڵوەشێینەوە.
لەو پەیامەدا، نەتەوەی کورد لە باکووری نیشتیمان و لە ژێر ستەم و داگیرکاری وڵاتی تورکیا، بە جیهانی ڕاگەیاند کە ئێمە هەرگیز هەڵگرتنی چەکمان بە چارەسەر بۆ بە دەستهێنانی مافەکان بە ئامانج نەزانیوە، بەڵکو چەک بۆ خۆ پاراستن لە پەلاماری داگیرکەران بووە. نەتەوەی کورد هەمیشە خوازیاری دیالۆگ و ئاشتی بووە و هەیە؛ لەو پێوەندەدا زۆر جار فێڵ و ستەمی لێکراوە.
٢ / دەنگدانەوەی ئەو پەیامەی سەرۆک ئاپۆ و پێشوازیکردنی لە ئاست زۆربەی وڵات و ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهان، جارێکی دیکە کوردستانی لە ڕۆژەڤی میدیاکانی جیهان دانا، هەروەها پڕووپاگەندەی ناڕەوای تێرۆریستبوونی جووڵانەی نەتەوەکەمان لە باکوور، بە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانی، پوچەڵ کردەوە، سەلمێندرا کە خەباتی نەتەوەی کورد، خەباتێکی مافویستی و ڕزگارییخوازییە، نەک بە ویستی مامەڵەی ڕۆژانەی تورکیا وڵاتان، بە جووڵانەوەیەکی تێرۆریستی ناودێر بکرێت.
٣ / تورکیا لەوە تێگەیشتووە، کە چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. باشیش لەوە تێگەیشتووە کە ئەو هەموو ساڵە نکۆڵیکردنی لە هەبوونی نەتەوەیەکی گەورەی وەک کورد و مافەکانی، بەڵام نەتەوەی کورد بە پێوە ڕاوەستاوە، هەروەها ئەو هەموو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازیانەی لەگەڵ گەریلاکانی کوردستان ئەنجام دراون، نەک نەیانتوانی کۆتایی بە پرس کورد بهێنن، بەڵکو تورکیای دووچاری قەیرانی ئابووری کرد و داچۆڕانی سەدان ملیارد دۆلای لێ کەوتەوە و شکستی زۆریشی بە توانای سەربازی گەیاند. ئێستا تورکیا لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە ئەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوانە لەگەڵ نەتەوەی کورد، داهاتوویەکی خراپی دەبێت؛ هەر بۆیەش بۆ خۆیان ئەم جارە بە دیالۆگی نهێنی لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ لە ئیمرالیەوە دەستپێشخەر بوون.
لە ڕێی ئەو پەیامەوە، ئێستا تورکیا لەسەر ئاستی جیهانیدا لە دووڕیانێکی گەورەوە گیری خواردووە، ئایا چۆن دەتوانێت هەنگاوی کردەیی بۆ وڵامدانەوەی داواکاری ومافەکانی نەتەوەی کورد لێ هەڵبگرێتەوە. لە حاڵێکدا کە بەرەی تووندڕەی ناو تورکیاش بە تووندی دژی ئەم هەنگاوە دەبن، هاوشێوەی هەنگاوەکەی تۆرگۆت ئۆزاڵی سەرکۆماری پێشووی تورکیا، کە لە ساڵی ١٩٩٣ بە نێوژیوانی سەرۆکی کۆچکردوو مامجەلال تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دەستی بە دایالۆگ کرد، هەر لەو ساڵەدا ئۆزاڵ لە ئەنقەرە بە ھۆکارێکی نادیار کۆچی دوایی کرد و گومانێکی زۆریش لە سەر کۆچکردنەکەی سەریان هەڵدا. بە دوای ئەوەشدا چەندین هەنگاوی ئاشتیخوازانە بە پێشنیاری سەرۆک بارزانی خراوەتە ڕۆژەڤەوە، یەکێک لەو هەنگاوانە ئەوەی ساڵی ٢٠١٣ بوو. کە مخابن ئەوەش لە لایەن تووندڕەوەکانی تورکیاوە ئاستەنگی بۆ درووستکرا.
ئێستادا چاوەڕوانی هەنگاوەکانی ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و، دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا مەھەپە MHPدەکرێت، ئایا تا چەندە دەتوانن، لە ئاست ئەم پەیامە مێژووییەی سەرکردەیەکی نەتەوەی کورد، وەڵام بدەنەوە و هەنگاو هەڵبگرنەوە.
٤ / بە خوێندنەوەی ئێمە تەواوی پەیامەکەی سەرۆک ئۆجەلان، هەڵگری چەندین کۆد و شیکارییە، کە هاوکارو هاوبیرانی بەڕێزیان، لە هەموو کەس باشتر لێی تێدەگەن، بۆیە لەو باوەڕەدا نین ، کە پاش ئەو هەموو ئەزموونە ناسەرکەوتوانەی سەدەکانی پێشوومان، لە ڕێی دیالۆگەوە، جارێکی دیکە نەتەوەکەمان بکەوێتە داوێکی سیاسییەوە و تووشی نسکۆ ببێتەوە. ئەویش لە پێشچاوی جیهاندا. هەر بۆیەش هیواخوازین، کە زۆر ژیرانە ڕەفتار لەگەڵ وشە بە وشەی ئەو پەیامە و هەنگاوەکانی دیالۆگ لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا بکرێت.
هەموومان گوێمان لە پەیامی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە بۆ ئەو جۆرە کۆنگرەیە پێویستە سەرۆک ئاپۆ ئازاد بکرێت و بۆ خۆیشێ سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات. ئەوەش لێکدانەوەیەکی گرنگ و سیاسی و ژیرانەیە.
٥ / گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کە لە ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی دیکە دەستی پێکردووە، گشت وڵاتانی دیکتاتۆر، بە تایبەتیش وڵاتانی داگیرکەری خاکی کوردستانی دووچاری مەترسی کردووە.
ئەو پەیامەی سەرۆک ئاپۆ کە بۆ ڕایگشتی جیهان و کاربەدەستانی وڵاتی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، بێگومان کاریگەری ئەرێنی وناچاری بۆ وڵاتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان، بە تایبەت ئێران دەبێت، چونکە ئێران پێش هەموو لایەک زیانەکانی ئەو گۆڕانکارییەی بەرکەوت و گەورەترین کۆڵەکەی هێزی لە ژێر ناوی بەرەی بەرگری ( مقاومت) لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین لە دەستداوە و، ئیتر توانایی بەرگری زیاتری نەماوە. ئێستا خاوەنی هێزێکی ماندووی بێباوەڕی سەربازییە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت کە ڕێژیمێکی دیکتاتۆرو خۆسەپێنی وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، بکەوێتە خۆی و داوای ئاشتی و دیالۆگ لە لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بکات؛ هەر لە ئێستاوە ترس و دڵەڕاوکێیان لە پێشوازی گەرمی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نەورۆزی ئەم ساڵ، پێوە دیارە.
بە خوێندنەوەی ئێمە پێویستە پارتەکانی خۆرهەڵاتی نیشتیمان، ئەوانیش پێش لەو ئەگەر و چاوەڕوانیانە، بۆچوون و هاودەنگی خۆیان، بۆ دیالۆگ لە پێناو مافەکانی نەتەوەکەمان لە خۆرهەڵاتی نیشتیمان، ئامادە بکەن، بۆ هەر جۆرە پەیامێک یەکگوتاری پێشوەختەیان هەبێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان.
پارتی سهربهستیی کوردستان ©