بهیاننامهی پارتی سهربهستیی کوردستان بههۆی له سێدارهدانی چوار لاوی دیکەی کوردستان
بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی٢٧٢٣ی کوردی، ٢٩/ ١ / ٢٠٢٤ی زاینی، دیسانەوە ڕێژیمی ئێرانی داگیرکەری کوردستان، چوار بەندکراوی سیاسی لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی نیشتیمانداگیرکراوی کورد، بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم ٢٧ساڵ، محەممەد فەرامەرزی ٢٨ساڵ، وەفا ئازەربار ٢٦ساڵ و پژمان فاتیحی ٢٩ساڵ، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج لە سێدارەدا.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە تووندی ئیدانەی ئەم جینایەتە بەردەوامەی کوردکووژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی داگیرکەر دەکات. هەر لە پێوەندی لە بەرامبەر لە سێدارەدان و کووشتن و بەندیکردنی ڕؤلەکانی نەتەوەی کورد و کوردستان، داوای هەڵویستی بە کردەوەیی لە گشت ڕێکخراو وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و بڕیار لە ئاست سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکەین.
لە ئاست ئەم کارەساتە خەماوییەی ئەمڕۆ و سەدان کارەساتی دیکەی چاوەڕوانکراو بۆ ڕۆژ و مانگەکانی داهاتوومان، پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، بە یەکدەنگی و یەکگرووپی، بکەونە جووڵەی سیاسی و دێپڵۆماسی نێودەوڵەتی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی جینایەتە بەردەوامەکانی ئەم ڕێژیمە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد.
پارتی سەربەستیی کوردستان، خەم و پەژارەو سەرەخۆشی ئاراستەی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو چوار شەهیدە سەربەرزەی نیشتیمان دەکات. هەروەها هاوخەمی ئاراستەی سەرکردایەتی و هاوبیر و هاوسەنگەرانیان لە ڕێزەکانی کۆمەڵە دەکەین.
لە ڕوانگەی ئێمەوە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، هەروەها هەموو ڕووداو بەڵگەکانی نزیک بە سەدساڵی پێشوو! بەردەوام وەبیرمان دێنێتەوە، کە تاکە ڕێگەی ڕزگاریی لە ژێر چنگی داگیرکەران و پاراستنی گیانی ڕۆڵەکانی و نیشتیمانەکەمان، خەباتە لە پێناو سەربەخۆیی یەکجاریی کوردستان.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان.
٩ی ڕێبەندانی٢٧٢٣ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٩/١/٢٠٢٤ی زاینی
پارتی سهربهستیی کوردستان ©