بەڵام ئایا دەکرا لە بەر ئەو هۆکارانە حکوومەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، بێت حکوومەتێکی تەواو پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی وڵاتانی ئازادیخ
هۆکاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان چی بوو؟ مەبەستەکان ئێستا ئاشکرا دەبن. نووسینی عارف باوەجانی.
دەستپێک: لە پاش کشانەوەی ئەمریکا لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ لە ئەفغانستان، شیکاری جۆراوجۆری لە سەر دەکرا. زۆربەی بۆچوونەکان دەیانگووت کە گوایا هۆکاری بێزاربوونی ئەمریکا بووە لە دەسەڵاتی گەندەڵی سوپا و حکوومەتەکەی ئەفغانستان. واتە ئەو سوپایەی کە خاوەنی سێسەدهەزار هێزی پیادەو سەدان فڕۆکەو ئامێری دیکەی گرنگی بەرگری بووە. یا هێندێک لە چەپ و هیندێک لە ئیسلامیەکان بە بەزمی خۆیان شەن وکەویان بۆ دەکرد. پێیانوابوو کە گوایا ئەمریکا لە ناوچەکە دۆڕاوە، و بەو ئامانجەی نەگەیشتووە کە بۆی هاتبوو، بۆیە بەو شێوەیە ئەفغانستانی بەجێهێشت.
بەڵام ئایا دەکرا لە بەر ئەو هۆکارانە حکوومەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، بێت حکوومەتێکی تەواو پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی وڵاتانی ئازادیخواز و دیمۆکراتخوازی جیهان،، وەک تاڵیبانی ئەزموونکراوی پێشووتر بهێنرێتەوە سەر حوکم لە ئەفغانستان. ئایا ئەگەر ئەمریکا مەبەستی بایە نەیدەتوانی پشتیوانی ئۆپۆزۆسیونێکی نوێ بکات بۆ گۆڕانکاری و چاککردنی ئەو کەموو کووڕیانەی حکوومەتی پێش تاڵەبان کە لە ئارادابوو. بەڵام دەرکەوت کە ڕاستییەکان ئەمانەی خوارەوەیە.
١/ ئەمریکا مەبەستی لاوازکردنی ڕکابەرەکانێتی.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا بە تەواوی هەستی بە بەهێزبوونەوەی ڕوسیای لە ناوچەکە کردووە، باش دەزانێت کە ڕوسیا وەک سەردەمانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ناوچەکە هەستاوەتەوە، دیسانەوە دەبێتەوە بە ڕکابەرە زلهێزەکەیان لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین.
بۆ ئەوەش بتوانێ ئەو ڕکابەرە زلهێزە لە ناوچەکە لاواز بکات، دیسانەوە هاوشێوەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان، دەیەوێت وڵاتانی دەورووبەری ڕوسیا بە وڵاتگەلێکی تووندڕەوی ئایینی بتەنێت. هەرچۆنێک لەو سەردەمانە ئەفغانستانێکی کراوەو و چەپی گۆڕی بە وڵاتکی تووندڕەوی ئایینی داخراو. هەروەها بە هەمان شێوە ئێرانی زەمانی شا، کە ناوچە فارس نشینەکانی خۆی هاوشێوەی وڵاتانی خۆرئاوا کراوە بوو لە بواری پۆشینی جل و بەرگ بۆ گەشتووگووزار، بەڵام لە بواری ماف و ئازادییەکاندا وڵاتێکی دیکتاتۆر بوو. ئەمریکا ئەویشی گۆڕی بە ڕێژیمێکی تەواو دیکتاتۆر و کۆنەپەرەست لە نێو بەرگی ئیسلامدا، کە ئەوا بۆ ٤٤ساڵ دەچێت زیات لە٨٥ ملوێن خەڵکی چەندین نەتەوەی ناوچەکە بە ئایینی و غەیرە ئایینییەوە بە دەستییەوە بە زاڵەهاتوون. بەڵام لەو بەینەدا وڵاتانی زلهێز بەو ڕێژیمە دیکتاۆرەوە مامەڵەو کاسپی خۆیانی پێدەکەن.
٢/ کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو.
ئەو کشانەوەی ئەمریکا بڕیارێکی لە ناکاو نەبوو، بەڵکو کشانەوەیەکی کار بۆکراوی بەرنامە بۆ ڕێکخراو بووە، لە ئەنجامی دانوستانێکی درێژخایەن کە زیاد لە ساڵ و نیوێک درێژەی هەبووە. لە پاش ئەو هەموو دانووستنانە، سەر ئەنجام لە مانگی فەبرواری ٢٠٢٠. ڕێکەوتنێکی گوونجاو و پەسەندکراوی ئاکامی دیالۆگی هەردوو لایەن، لە دەوڵەتی نێوەنگیری ^قەتەر^ واژۆکراو. بەڵام پرۆسەی کشانەوەکەش بە تەکتیکی بوو، گوایا باڵانسی هێز و بە مەبەستی تاوانبارکردنی کەم توانایی هێزەکەی حکوومەتی ئەفغانستان، بەپێی کاتی دیاریکراوە کشانەوەکە، دوای ١٤ مانگ بە سەر ڕێکەوتنەکە کۆتایی هات.
هەر بە پێی ڕێکەوتنەکەش ڕێگە نەدرا هیچکام لە کارمەندانی پێشووی حکوومەت بگیرێن و بکووژڕێن، ڕێگە بۆ زۆربەیان خۆشکرا وڵات بە جێبهێڵن و بەشێکێشان هەر لە ئەفغانستان مانەوە و نەشگیراون.
٣ / تەکتیکی نۆی و شەڕی بە وەکالەت بۆ ئەمریکا:
ئەم تەکتیکە نۆیەی ئەمریکا لە سەر ئەوە سەرچاوەی گرتووە، لە پاش ئاکامی شەڕی پێشووی لە ئەفغانستان و ئێراق، کە زیانێکی زۆری مرۆیی ومادی بەرکەوت، چیدیکە شەڕەکان بە هێزەکانی خۆی نەکات و هەوڵبدات شەڕەکان بە وەکالەت بە دۆستەکانی بسپپێرێت. هەر بۆیە لەو ڕێکەوتنە وا بڕیاردراوە کە تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانی پێشووی ئەفغانستان بۆ هیچ شوێنێک نەگوازرێنەوە و ئاراستەی هێزی تاڵەبان بکرێت. بۆ ئەوەی مەبەستە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و چین و ڕوسیا.
واتە چی دیکە ئەمریکا هێزەکانی خۆی ناخاتە نێو شەڕە ناوچەییەکانەوە، بگرە بە ڕاوێژکاری جەنەراڵە شارەزاکانی بواری سەربازیانەوە، ئەو شەڕانە هەر بە هێزەکانی ئەو وڵاتانەی کە مەبەستیانە، لە ناو پێکهاتەکانی خۆیاندا جێبەجێ دەکات.
٤ / چۆنیەتی لێدان لە ئابووری چین.
یەکێکی دیکەش لە مەبەستەکانی هێنانەوەی تاڵیبان، ئاستەنگی دروستکردنە لە ڕێڕەوی بازرگانی زەبەلاحی پڕۆژەی ستراتیژی پشتێنی ڕێگای هاوڕێشمی وڵاتی چینە، کە بە ئەفغانستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و دەگاتە زۆربەی وڵاتانی ئوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا کەناڵی سوێس و ئەفریقاش. واتە ئەو ڕێڕەوە بازرگانیە گرنگە ئابووریەی چین کە لە ئەفغانستاندا تێدەپەڕێت بۆ ئێران، لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا و ناوچەکانی کەنداو، کە لەو پڕؤژەدا بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا و لە هەمان کاتدا بەستنەوەی ئاسیا بە ئەفریقا لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەوە. بەو مەبەستەشەوە فاکتەرە گرنگەکانی بواری جوگرافی، سیاسی، ئابووری، ئایینی، و نیشتمانی بەکار دێنێت بۆ ئەوەی کۆسپ لە سەر پەرەسەندنی بواری سەربازی و ئابووری ڕکابەرەکانی درووست بکات.
بۆ نموونە ئەفغانستان سنوورێکی بچووکی لەگەڵ چین هاوبەشە، بە تایبەتی لە پارێزگای (شینجیانگ)، کە زۆرینەی موسڵمانانی مەزهەبی سوننە نیشتەجێن و پێیان دەوترێت تەریقەتی ئوگۆر. ئووگۆریەکان بۆ خۆیاندەڵێن کە بە ڕەچەڵەک تاجیکین و ژمارەشیان نزیک بە ملیۆنێک کەس دەبن لە چین. ئەگەری ئەوەش هەیە کە بزووتنەوەی تاڵێبان پێوەندی لەگەڵ لەگەڵ تەریقەتی ئۆگۆرییەکان دروست بکات. کە ئەوەش لەوانەیە لە لایەن ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامییەوە پاڵپشتی بکرێت، بە مەبەستی دروستکردن بزووتنەوەیەکی چەکداری لەو ناوچە موسڵمان نشینەی چین. ئەمەش ئەگەرێکی دیکەیە بۆ سەرهەڵدانی ئاڵۆزیەکی نوێتر لە ناوچەکانی ئاسیا و بەشێک لە ئوروپا و خۆرهەڵاتی ناڤین، بۆ داهاتوو.
٥ / چۆنیەتی تێکدانی ئاساییشی ئێران لە لایەن تاڵەبانەوە.
بەو شێوی کە لە خاڵی سەرەوە باسکرا، دەردەکەوێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە گەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لە چەند بواردا یەک دەگرێنەوە. لەو ڕێگەوە بە دۆزینەوەی نەیاری هاوبەش دەتوانن پێکەوە تا ماوەیەکی نادیار پێوەندی ناڕاستەوخۆی هاوبەشیان هەبێت، کە لە ڕستە کوردییەکەیدا پێێ دەگووترێت دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە. دیسانەوە ئەمریکا دەتوانێت بە کەڵوەرگرتن لەوەی کە ئێران بە نیوە ئیفلیجی بهێڵێتەوە و تەواو نەیخات، گوایا ئێرانی شێیعە مەزهەب خۆی بە ڕێبەریکردنی ڕەوتی ئیسلامی ناوچەکە دەزانێت، ئەمەش بۆ ڕەوتی تاڵیبانی سوونی مەزهەب قبووڵکراو نییە. ئەوەی چاوەڕێ دەکرا کە لە ڕێگەی تاڵیبانەوە، نا ئارامی لە سنوورەکانی ئێران و ئەفغانستان درووست ببێت، وا لەم مانگەی پێشوودا ئەو ڕاستیەش دەرکەوت. فاکتەرێکی دیکەش بۆ ئاسانکاری تاڵیبان لەو سەرکەوتنەیدا، ئەوەیە کە دانێشتووانی سنووری بەشی ئێران لە خەڵکانی نەتەوەی بەلووچ و سوونی مەزهەبن، هەرچەند خەڵکی بەلووچستان لەگەڵ بیرۆکەی تاڵیباندا نین، بەڵام لە نێوان ئەو دەسەڵاتەدا، کە بەردەوام ڕێژیمی کۆماری ئیسلام لە نەتەوەی بەلووچ بە تایبەت کەسایەتییە ئایینیەکانی سوونی بەلوچ ترور دەکات و ڕاپێچی بەندیخانەیان دەکات، ئەگەری ئەوەش هەیە کە لە سیاسەتی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە لە نێوان بەلووچەکان و تاڵیبیانێش درووست بببێت.
٦/ ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان:
لەو حاڵەدا هەموو ئەگەرەکان چاوەڕوانکراون کە پێکدادانی سەربازی و ئەمنی چەند لایەنە ڕووبدات، ڕووسیاش زیاتر خۆی بخزێنێتەوە نێو ئاسیای ناوەڕاست، .لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دراوسێیداکێشەی هەیە، وەک ئازەربایجان، پاکستان، ئەفغانستان، وە جاروباریش تورکیا لە بەر ئەوەی لە کێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنیستان ئێران پشتیوانی ئەرمەنەستانە.
هەر بۆیە ئێران نەک بێدەنگ نابێت بگرە بۆ خۆی بەشێکی سەرەکی دەبێت، لەو کێشەو ئاڵۆزییە تازانەی کە چاوەڕی دەکرێت لە ناوچەکاندا لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەرهەڵبدات.
ئێران بە تەواوی هەستی بەو مەترسیانە کردووە کە ڕۆژانە لە سەری زیاد دەبن. وەک پرسی کێشەی نەتەوەکانی بندەستی، هەروەها پرسی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیک. هەستی بەوەش کردووە کە ئەمریکا بەردەوامە لەوەی کە لە ڕێگەی ئابڵووقەو سزا بانکییەکانەوە ئابووریی ئێران زیاتر لە ئاست ناوخۆ و دەرەوە ئیفلیج تر بکات. لە لایەکی دیکەشەوە ئێران بەردەوامە لەوەی کە لە ڕێگەی ئەو چەکانەی بەر دەستی لە عێراق، سوریا، یەمەن، لوبنان و وڵاتانی کەنداو بە گشتی خۆی بە هێز بکاتەوە. لەو بوارەشدا چین و ڕوسیا هاوکاری دەکەن و هەوڵدەدەن بە هەموویانەوە بە نزیکبوونەوە لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە. بەتایبەت ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران و گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، پاشان چوون بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئەمنی.
٧ / کورد دەبێت چی بکات:
لە کۆتاییدا ئەوەی مەبەستمە کە بیڵێم هەرگیز گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە لە بەر خاتری دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ و چاکەو خراپە نەبووە و نابێت. هەمووی ئەو ڕووداوانەی لە سەدەکانی ڕابووردوو ڕوویانداوە و لە داهاتووش ڕوودەدەن، شەڕی بەرژەوەندی ئابووری و سەربازییە. بۆیە نابێت هەرگیز نەتەوەی ئێمەی کورد و کوردستانیش بەوە دڵخۆش بێت کە ئەو زلهێزانە ئەگەر بیانەوێ دەسەڵاتێک بڕووخێنن، ئەوە گوایا هۆکاری نەبوونی دیمۆکراسی و گەندەڵییە. بگرە بە پێچەوانەوە هۆکاری سەرەکی لە بەرژەوەندی مانەوەی هەژموون و دەسەڵات ومامەڵەی ئابوورییە. پێویستە نەتەوەی کورد لە خەیاڵی خۆسەرقاڵکردن بە دیمۆکراسی و پێکەوە ژیان بێتە دەرەوە. بچێتە نێو ئەو سیاسەت ویارییە گرنگەوە کە چۆن بتوانێت بەرژەوەندی بۆ پاراستنی خەلك و نیشتیمانەکەی بدۆزێتەوە. هەروەها زۆر پێویستە لە نێوان٢ زلهێز و جەمسەری گەورەی جیهاندا خۆی نەکاتە دوژمنی هیچیان، با نەبێتە سووتەمەنی نەزانی و نەناسی زلهێزان. زۆر پێویستە لەو ئاستەدا باڵاسی پێوەندییەکانی لە هەردوو لا، لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی ڕاگرێت.
پارتی سهربهستیی کوردستان ©