ئەو مەنشوورە، لەگەڵ ئەوەی بە چەند وشە و دەربڕینی سیاسیی جوان و بریقەدار ڕازێندراوەتەوە، بەڵام هەر لەجێدا بۆ خۆبەخاوەنکردن و دەستبە
بەیاننامەی شەش پارت و ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە مەنشووری "مهسا"
ڕۆژی هەینیی ١٠ ی مارسی ٢٠ ٢٣ی (١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠ ١ی هەتاویی) مەنشوورێک بە ناوی " منشور مهسا" بڵاوکرایەوە.
ئەو مەنشوورە، لەگەڵ ئەوەی بە چەند وشە و دەربڕینی سیاسیی جوان و بریقەدار ڕازێندراوەتەوە، بەڵام هەر لەجێدا بۆ خۆبەخاوەنکردن و دەستبەسەرداگرتنی "ڕاپەڕینی ژینا" و ئامانجەکانی لە لایەن تاقمێکەوەیە. مەنشووری ناوبراو، کە گوایە بۆ ئیدارەکردنی ئێرانی دوای " ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی"ە، بەڵام کرۆکەکەی بۆ پاراستن و هیشتنەوەی پایەکانی ئەو دەوڵەت-نەتەوەیە کە بناغەکەی لەسەر ئێسک و پرووسکی کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە دامەزراوە و بە کۆمەڵکوژیی سەدساڵەدا تێپەڕبووە و، چلوچوار ساڵیشە " کۆماری ئیسلامیی" پارێزەر و کارگێڕی ئەو قەوارەیەیە.
مەنشووری "مهسا"، کە هەر لە سەردێڕەکەیەوە بە داگیرکردنی ناوی ڕاستەقینەی "ژینا"ی کوردستان، دەستی پێکردووە، بەم هۆیانەوە کە:
١-لە داننان بە ناسنامەی ڕاستەقینەی نەتەوە نافارسەکان خۆیان دزیوەتەوە و ئەوانیان بە قەوم و ئێتنیک داناوە و بەو جۆرە لە بواری مافناسییەوە، بە پێچەوانەی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنواسیۆنەکانی تر، مافی نەتەوەیی ئەوانی بۆ دیارییکردنی چارەنووس پێشێل دەکا.
٢-بە نەدیتن و داننەنان بە فرەنەتەوەییبوونی جوغڕافیای ئێران، مەبەست و ستراتیژی بەردەوامییدان بە پڕۆژەی کۆنی (یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک سەروەریی، یەک ناسنامە) هەیە.
٣-بە دانانی ئەسڵی داگیرکەرانەی پاراستنی سەرزەوینیی و پڕۆژەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ئەرتەشی دژەگەلیی ئێران و دیارییکردنی ئەرکی ئەرتەش بۆ پاراستنی ئەو تەواویەتی سەرزەوینییە، هەر لە ئێستاوە پلانی پەلاماردانی کورد و هەر نەتەوەیەکی دیکە کە خەبات بۆ ستاندنەوەی مافە نەتەوەییەکانی دەکا، داڕشتووە. ئەمەش بەڵگەیەکە دژ بە ئازادیی و ماف و ناسنامە و داخواز و تێکۆشانێک کە لە ١٠ ٠ ساڵی ڕابردوودا کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە کردوویانە.
بۆیە ئێمە، ئەو پارت و ڕێکخراوە سیاسییانەی ئەم بەیاننامە هاوبەشە دەردەکەین، ئەم مەنشوورە و هەر مەنشوور و بەڵگە و ڕێککەوتنێکی سیاسیی دیکە کە لە پێناسەکردنی کورد بە نەتەوە و لە داننان بە مافی دیارییکردنی چارەنووسی سیاسیی ئەو نەتەوەیە خۆ ببوێرێ، لێبڕاوانە ڕەت دەکەینەوە. هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە حکومەتەکان و دامەزراوە و ئەنجوومەنەکانیانەوە دەکەین، هیچ لایەکتان، ئەو مەنشوورە بە هی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانەنێن و، لە بناغەڕا هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە لە جیاتی خەڵکی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی سیاسیی ئەو نەتەوەیە بدات. بڕیاری دیارییکردنی چارەنووسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا مافی خەڵکی کوردستانە.
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە بۆ بەهێزکردنی گوتار و پێگەی کورد و گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی و بەرپەرچدانەوەی هەر هەنگاوێک کە بە دژی مافی نەتەوەییمان بێ، پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرە یا کۆنگرەیەکی کوردستانییدا، کە مافی سەروەریی و مافی دیارییکردنی چارەنووسی سیاسیی لە ڕێگەی دەنگی خەڵکی کوردستانەوە بکاتە بناغە و ناونیشانی خۆی، کۆببنەوە. ئێمە پێ لەسەر ئەوە دادەگرین کە نابێ و ڕەوا نییە، بەر لە یەکخستنی ناوماڵی کوردستانیی هیچ لایەنێکی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بە لای هیچ جەمسەرێکی سیاسیی نەتەوەی دەسەڵاتداردا بخات. سیاسەتێکی ئەوتۆ هێز و وزەی کوردستان و بزووتنەوەکەی لە یاریی و ئەمبەر و ئەوبەرکردنی نێوان جەمسەرەکانی نەتەوەی سەردەستدا بەفیڕۆ دەدا.
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
رێکخراوی خەبات-ی شۆڕشگێڕی کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان.
12-03-2023
پارتی سهربهستیی کوردستان ©