ێنەتەوەی کورد یەکێکە لە نەتەوە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە پێی پاشماوەکانی کلدانی و ئاشووری نەتەوەێیکی کۆنی خاوەن شارستانیە
تاقەڕێگا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانییە. فەرید لەتیفی
نەتەوەی کورد یەکێکە لە نەتەوە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە پێی پاشماوەکانی کلدانی و ئاشووری نەتەوەێیکی کۆنی خاوەن شارستانیەتێکی بەهێزە. کە توانیگیە دەوڵەت گەلێکی گرینگی مێژووی وەک سوومێر، مانا،گوتی، مێد(ماد) ودواتر ساسانی دابمەزرێنن. لەپاش هێرشی عەرەبەکان لە شێوەی حکومەتگەلێکی بووچک وەک شەدادیەکان، ڕەوادیەکان و هەزەبانیەکان، و دواتریش ئەیووبیان، و پاشان دەسەڵاتی ئەمارەت و میرنشینە کوردیەکان لە سەردەمە جیاجیاکاندا دابمەزرێنن، و خۆیان وەک نەتەوەێیکی خاوەن مێژوو و شارستانیەتێکی بەهێز بە جیهانیان پیشان بدەن. بەڵام مخابن سەدانساڵە لە سایەی خۆی و وڵاتانی زلهێز نەبووگەسە خاوەن کیانێکی سیاسی سەربەخۆی کوردی لەسەر خاکەکەیدا.
دەیان جار ڕێبەرانی زانا و گەورە پیاوانی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان شۆڕشیان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان هەڵگیرساندووە، و توانیگیانە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بەشێکی گەورەی خاکی کوردستان لە ژێر دەستی دوژمنان ڕزگار کەن، و شکۆ و شەرەف بۆ خاک و خەڵکی کوردستان کە خاوەن شارستانیەت و مێژووێیکی زۆر کۆنتر لە داگیرکەرەکانییەتی بگەڕێننەوە. مخابن بە هۆی نایەکگرتوویی و ناتەبای نێو ماڵی کورد، هەر هەموو شۆڕشەکان یەک لە دوای یەکی نەتەوەکەمان بە هۆی خیانەتی نێو خۆیی، و هێندێک جار هۆکاری دەرەکی لە نێو چووە، و خەونی دەوڵەتی کوردی هێشتا بەدینەکراوە.
لە یونانی پێش ز،(لەوکاتە یونان تەنیا ئەم جوگرافیا سیاسیە نەبوو، بەڵکوو باشووری ئیتالیا و تاک و نزیکی باکووری کوردستان خاکی یونان بوو) چەندین ڕۆشنبیر و خاوەنبیر لە ناوچەکانی خوارووی ئیتالیای ئێستا، پاش فیلسووفی بە ناو بانگی یونانی سۆقڕات دەژیان، مەکتەبێکیان پێک هێنا کە بە ڕەواقیوون ناوبانگی دەکرد، و ئەو مەکەتبە فەلسەفییە باوەڕیان وابوو: مرۆڤ کاتێک ژیانی بەنرخی هەیە کە لە دەروونیەوە هەست بە خۆشبەختی بکات.
خۆشبەختی گرێدراوە بە ئارمشی دەروونیەوە، و هەوڵی ئەوەیان دەدا مرۆڤەکان فێری ئەوە بکەن چۆناوچۆن دەتوانن بەسەر ئەو خاڵە نێگاتیڤانە سەرکەون کە ئارامشی ئەوان دەخاتە مەترسیەوە.
داگییرکەرانی کوردستان هەمووکات نەتەوەی کوردیان تووشی دەیان جۆرە خاڵی نێگاتیڤ کردووە، کە هەرگیز هەست بە خۆشبەختی نەکات، و بەردەوام ئارامشی نەتەوەیی کوردیان تێکداوە، و بەو شێوەیە کەرامەت و شکۆی نەتەوەیی تاکی کوردیان تێشکاندووە، و کوردیان تووشی هەستی ناخۆشبەختی کردگە.
داگییرکەرانی کوردستان، تورک، فارس، عەرەب، ڕۆژ نییە کورد لە نێو خاکی خۆی تووشی گیر و گرفتێکی نوێ نەکەن، و هەوڵی سڕینەوە و تواندنەوەی کوردیان لەهەموو ڕێگاێیکەوە داوە و دەیدەن. داگیرکەران بە داگییرکردنی خاک و تاڵانکردنی هەموو سەرەوت و سامانی سرووشتی کوردستان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی ئاساییان بۆ کورد دژوار و سەخت و تاقەت فەرسا کردگە، و بەداخەوە بە هۆی ناتەبایی نێو ماڵی کوردی، هیچ ڕێگا چارەیەک بۆ دەرباز بوون لەم ژینە تاڵە لە ئێستادا نییە، و بە ناچاری لەوپەڕێ ئاستەنگیدا ژیانێکی تاڵ و ناخۆش تێپەڕ دەکەن. لە دەروونی هیچ کوردێک ئارامش بوونی نییە، و هەموو بنەماڵەکانی کوردستان تووشی کێشەی جۆراوجۆریی کۆمەڵایەتی بووگن، و خۆشبەختی بۆیان وەک هیواێکی قەد پێنەگەیشتوو دەبینن.
مرۆڤی کورد تاک و ئەوڕۆژە کە خاکی داگییر کرابێت ناتوانێت لە ڕێگای ئیسلامی، سوسیالیستی، و خودموختاری، فێدڕاڵیزم، برایەتی گەلان وهتد، لە نێو جوگرافیای سیاسی داگیرکەرانیدا هەست بە خۆشبەختی بکات، چۆنکە داگیرکەران قەد مافی هەستی خۆشبەختی وئارامش بۆ کورد، بە ڕەوا نابینن و بە کردەوە سەلماندوویانە کە نابێت کورد ئارامشی هەبێت، وەک و هەموو نەتەوەکانی جیهان ژیانێکی ئازاد و خۆشبەختی هەبێت.
ئێمە چیمان ئەوێت?
ئایا خۆشبەختیمان ئەوێت? ئایا ئەمانەوێت لە دەروونی خۆمانەوە خۆشبەخت بژین? ئەم پرسیارگەلە لە ڕۆژهەڵات پرسیارێکی سادە وساکارن، بەڵام لە دەرووندا بەجوانی دیارە پرسیارگەلێکی زۆر قورس و قووڵن! لەوانەیە هێندێک کەس لەو باوەڕە بن کە ئێمە ئازادی، دێمۆکراسی، فێدڕاڵیزم، حکومەتی شۆرایی، برایەتی گەلان، برایەتی ئیسلامی،سوسیالیزم و چی و چیمان ئەوێت و لەم ڕێگانەوە دەتوانین هەست بە خۆشبەختی و ئارامش بکەین، بەڵام
هەمووی ئەم چەمکگەلە کاتێک دەتوانێت مرۆڤی کورد بگەینێتە سەربەستی، و خاوەن کەرامەتی ئینسانی، کە پێشەکی خاکی داگیرکراوی خۆی لەداگیرکاری ڕزگار بکات، و تا خاک ڕزگار نەبێت هیچ کوردێک ڕزگاری نابینێت. هیچ کام لەو داخوازیگەلە کە لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا بێت، قەد جێبەجێ نابێت،
لە عەقڵانیەتی ئێرانی، تورکی، عەرەبیدا، کورد بوونێک و بوونی نییە، و ئەبێت کورد هۆڤیەتی ئەوان وەکوو هۆڤییەتی خۆی قەبوڵ بکات. لەئەگەری قەبوڵنەکردنی ئەو هۆڤییەتە ئەوە وەک جووداخواز "تجزیە طلب" چاولێئەکەن، کە بونیادی دەوڵەت وهۆڤییەتی ئەوان دەخاتە مەترسیەوە. بۆیە هەمیشە عەقڵانیەتی تورانیزم، ئێرانیزم، ئۆمەی ئیسلامی و عەرەبی، کورد وەک و مەترسیەکی هەمیشەیی چاو لێدەکەن و بەردەوام هەوڵی کووشتن، تواندنەوە، جینووسایدی زمانی، کولتووری، مێژووی، ئابووری، ژینگەیی وهتد، دەدەن. لە عەقڵانیەتی ئێرانیدا، کورد وەک ئەنیرانی(نا ئێرانی) ناوزەد کراوە و سەرجەم دین، پاڵەوان، پێوەر، خەڵات، زمان و هەمووشتێکیان لە دژی کورد بونیاد ناوە، بۆ نموونە
میترائیزم لە بەرانبەر زەردەشتیزم.
هەخامەنێشیان لە بەرانبەر مێد.
کورۆش لە بەرانبەر ئاستیاگ.
ئاڵا و لۆگۆ و هەمووشتێکی نێو هۆڤیەتی ئێرانی لە بەرانبەر ئەنئێرانی، کە بە فێڵبازی و چاپلووسی و زیرەکانە بە ڕاشکاوی ناڵێن کورد، بونیادیان ناوە.
لە عەقڵانیەتی تورکی کۆچەر کە لە سەردەمی ئەیوبیان "بردە جنسی" کورد وعەرەب بوونەو وەک و کەواسووری بەرلەشکەری ئەیووبیان کەڵکیان لێوەرگرتووە، و لە ئەساسدا لە سەدەی هەشتی زایینی خەڵیفەکانی عەباسی، بەهۆی ئەو مەبەستە لە ناوچەکانی وڵاتی ئێستای تورکەمەنستان، تورکیان کڕیی، لە ڕوانگەی ئەوانەوە گوایا کورد هەمان تورکی شاخییەو مرۆڤێک لە سەرگۆیی زەوی بە ناوی کورد بوونی نییە.
لە عەقڵانیەتی عەرەبیدا وەکوو جنۆکەو کەسێک کە لە دژی ئۆمەی ئیسلامیە وەسف کراوە و قەد کورد ناتوانێت لە دەرەوەی ئۆمەتی ئیسلامیدا پێناسەبکرێت.
کەواتە لە نێو عەقڵانیەتی هەرسێ داگییرکەری کوردستان، کورد یان دەبێت بتوێندرێتەوە یان لە نێو بچێت. ئەم عەقڵانیەتە لەسەر جەم هێز و جەریانە سیاسیە ئیسلامی، کمۆنیستی، ئانارشیستی، ناسیوناڵیستی، سوسیالیستی، وچی و چیاندا حاکمەو مێژووی سەدساڵی ڕابردوو گەواهی ئەم ڕاستیە دەدات. تەنیا لە سەد ساڵی ڕابردوو داگییرکەرانی ئێرانی/ تورکیەیی/ عێراقی و سووری، هەوڵی سڕینەوەی شووناس کوردبووونمان درێژەی هەبووە، و هەمووجۆرە جینوسایدێکی کلتوری/ زمانی/ مێژووی/ جەستەیی/ ئابووری/ ژینگەیی و...هتد،یان بەسەرمان هێناون و قەد تاک و ئەوڕۆژە لەگەڵ ئەم نەتەوەگەلە لەنێو جوگرافیایکی سیاسی هاوبەشدا و لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەواندا بین، ڕووبەڕووی ئەم کۆمەڵکووژیانە ئەبینەوە.
ئەم هەموو جینوسایدانە کە بەسەر کوردیان هێناوە لە کلۆنیالیزمیش تێپەڕ دەبێت، چۆنکە وڵاتانی ئیستێعمارگەر وەک و بریتانیا و فەڕانسەو ....هتد، کە زۆرینەی دونیایان کلۆنیزە کردبوو. تەنیا هەوڵی دزین و تاڵان و بەتاراج بردنی سەرچاوە سرووشتیەکانی ئەو وڵاتگەلەیان ئەکرد، کە کلۆنیزەیان کردبوو، و دواتر وەک و بازاڕی مەسرەفی خۆیان لەلایان بەکرێگیراوەکانیانەوە ئیدارەیان دەکرد. بەڵام لە کوردستان ئێمە دەبینین جگە لە تاراجی کانگاکانمان هەوڵی سڕینەوەی شووناس و ناسنامەی کوردی و تواندنەوەی کوردلە نێو نەتەوەکانی داگیرکەرانی کوردستان دراوە. بەپێچەوانەی وڵاتانی چین و هێندوستان کە وەک و بازاڕی مەسرەفی ئیستێعمارگەری بریتانیایی ڕەچاو دەکران. کوردستان تەنانەت وەک بازاڕی مەسرەفی ڕچاو ناکرێت، و هەوڵی گۆڕانی دێمۆگرافی خاکەکەیان داوە، و دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکی بیانی لە نێو خاکی کورد ئەبنە ساحێو ماڵ و کوردیش وەکوو مێوان ناوزەد دەکرێت! عەفرین/ کەرکووک/ هەمەدان/ مووسڵ/ ئورمیە و...هتد،دەیان نموونەی بەرچاون بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیە! کوردستان نەک هەر وەک و بازاڕی مەسرەفی چاویان لێ نەکردووە، بەڵکوو بە هۆی سیاسەتی دزین و تاراجی سەرچاوکە سرووشتیەکانیەوە شاهێدی" پەدیدەی کۆڵبەری"ە کە نیشان لەوە دەدات کوردستان وەکوو هێندوستان یان چین وەکوو بازاڕی مەسرەفی بۆ وڵاتانی ئێران/ تورکیە/ عێراق و سووریە ڕچاو ناکرێت ، و لەلایان ئەم سیستمەوە جگە لە شکاندنی کەرامەتی کورد، هەوڵی جینووسایدی جەستەیشی دەدرێت.
هەرچەند خودی هەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکی کوردستان، خۆیان بەرهەمی ئیستێعماری بریتانیا و فەڕانسەو ڕووسیە بوونە،و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سیاسەتە کلۆنیالیستیەکانی ئەوان لە دایک بوون، و توانیگیانە دەوڵەت نەتەوەی خۆیان بە پشتیوانی ئەوان بونیاد بنن، و هەرکات ئەوان ویستیان ئینقلاب و گۆڕانکاری لە نێو ئەم وڵاتگەلە درووست دەکەن، و بینیمان سەردەمانێک کە پەهلەویی یەکەم نەیتوانی بەوشێوەیە کە ئەبوو بەرژەوەندییە ئابووریەکانی بریتانیا بپارێزێت، و ئەیویست ببێتە بەرژەوەندیەکی باش، بۆ نازییەکانی ئاڵمان، بەئاسانی لایان برد و کەسێکی دیکەیان لە جێگای ئەو دانا،بە هەمان شێوە سەدام حوسێن و سەرۆک وڵاتەکانی دیکەی داگییرکەرانی کوردستان.
جێگای تێڕوانینە کە هێندێک کەس و لایەن و حیزب و ڕێکخراوە هەیە "کوردستان"
وەکوو کلۆنیکی نێوخۆیی داگیرکەرانی کوردستان چاو لێدەکەن، بەڵام گەر چاو لە مێژووی کلۆنیالیزم لە دونیادا بکەین، نابینین وڵاتی داگیرگەر هەوڵی سڕینەوەی شووناس و کلتوور و زمان و مێژووی جوگرافیای کلۆنیزەکراو بدات، بەڵکو تەنیا سەرچاوکە سرووشتیەکانیان دزیوە و بە تاراجیان بردووە. بەڵام لە کوردستان جگە لەوە سەرچاوکە ژێر زەویی و سرووشتیەکانمان بە تاراج براوە هاوکات هەموو جۆرە جینووساید و هەوڵی تواندنەوەمان دراوە و جگە لە داگییرکاری و جینووساید هیچ شتێکی دیکەی بۆ وەسف ناکرێت! بەداخی داخانەوە کورد قەد هەوڵی نەداوە لە دونیادا لە بواری حقۆقیەوە هەوڵ بۆ ناساندنی خۆیی وەک و نەتەوەیەکی ئەنفال کراو کە لە هەموو بوارێکەوە ئەنفال کراوین بدات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەوڵی ئەوەی داوە کە هەموو خەتاکان لەسەر نەتەوەکانی تورک/ فارس/ع ەرەب لابات و کۆماری ئیسلامی/ ئەردۆغان وبەعس تەنیا وەک هۆکار پێناسەبکات، و تاکوو ئەوڕۆیش من هەر نازانم بۆچی و لەبەرچی?.
تاقە ڕێگای ڕزگاری.
تاقە ڕێگای ڕزگاری کورد بۆ پاراستنی شووناس و هۆڤییەتی، دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردییە! گەر چاو لە سەرجەم ئەو ئێتنیک گەلە بکەین کە لە دونیادا هەوڵی سڕینەوەیان دراوە، بۆ پاراستنی خۆیان هەوڵیان بۆ بونیاد نانی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان داوە نەک ئەوەیکە دەوڵەتی نەتەوەیی داگییر کەر فێدڕاڵی/ دێمۆکراتیک/ سێکۆلار/ شۆرایی/ سوسیالیستی وبکات، بەڵک وئەوان هەموو شێوە لە دەوڵەتی نەتەوەیی داگییرکەریان بە یەک چاو سەیرکردووە و دەکەن، و قەد حازر نابن لە ژێر هیچ جۆرە دەوڵەتێکی نەتەوەی داگییرکەردا درێژە بە ژیان و مانەوە بدەن و بەپێچەوانە لە هەموودەرفەتێک بۆ جیابوونەوە کەڵک وەرئەگرن.
جێگای داخە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، خودی کوردەکانن کە مێژوو گەواهی ئەم خاڵە گرینگە دەدات و قەد ئەحزاب و جەریانە سیاسیەکانی کوردستان هەوڵ بۆ وەرگرتنی ئەزموون لە مێژوو نادەن کە چۆناوچۆن هەلە زێڕینەکانمان لەدەست داوە و خۆمان بە دەستی خۆمان بوویینە بەشێک لە هۆکاری نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان.
فەرید لەتیفی
پارتی سهربهستیی کوردستان ©