"ئه‌گه‌ر وڵاتێک پرسی وزه‌ی ناووکی بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاشتی به‌کار بهێنێت، پیتاندنی یۆرانیۆم ئه‌نجام نادات"
به‌رپرسێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرای ده‌کات، بۆ به‌هێزکردنی سیستمی به‌رگری و مووشه‌ک، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وڵاته‌که‌ی پلانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ناووکی هه‌بووه.
عه‌لی مهتههری، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی ئێران رایگه‌یاند، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستکردن به چالاکییه ناوکییه‌کان، ئامانجی ئێران به‌هێزکردن و به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ناووکی بووه.
مهتههری راشیگه‌یاند، ئێران نه‌یتوانی پرسی دروستکردنی چه‌کی ئه‌تۆمی به نهێنی بهێڵێته‌وه، ئه‌و پرسه له رێگه‌ی چه‌ندین راپۆرت ئاشکرا کرا.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی په‌رله‌مانی ئێران روونیکرده‌وه، ئه‌گه‌ر وڵاتێک پرسی وزه‌ی ناووکی بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاشتی به‌کار بهێنێت، پیتاندنی یۆرانیۆم ئه‌نجام نادات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه کرا گومان بۆ دروستکردنی چه‌کی ناووکی ده‌چێت.
مهتههری ئه‌وه‌شی روونکرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئێران بیتوانیبا چه‌کی ناووکی دروست بکات، وه‌ک پاکستان تاقیشی بکاته‌وه، به‌ربه‌ستی گه‌وره‌یان بۆ دروست ده‌کرد.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، عه‌لی ئه‌کبه‌ری هاشمی ره‌فسه‌نجانی سه‌رۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران پێشتر رایگه‌یاندبوو، "تاران له سه‌رده‌می جه‌نگی عێراق – ئێران بیری له دروستکردنی چه‌کی ناووکی کردبووه‌وه".
له نامه‌یه‌کی نهێنی موحسین ره‌زایی، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی سه‌رده‌می جه‌نگی عێراق – ئێران بۆ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی نووسیبووی: "پێویستمان به چه‌کی ناووکی و تیشکییه" بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپه‌چی هێرشه‌کانی عێراق بده‌ینه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران داوا ده‌کات کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به په‌له بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی گفتوگۆکانی تایبه‌ت به دۆسییه‌ی ناووکی ده‌ستپێبکرێته‌وه که ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌که وه‌ستاوه.
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©