ێوارەی ڕۆژی ٢٩ی مارچ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابوری لە دووبەی گوتی:هەرێمی کوردستان ئامادەیە غاز بداتە تورکیا و عێراق و ئەوروپا ئەو قسەیە
ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی مارچ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابوری لە دووبەی گوتی:”هەرێمی کوردستان ئامادەیە غاز بداتە تورکیا و عێراق و ئەوروپا” ئەو قسەیە لەکاتێکدابوو کە جەنگێکی گەورەی جیهانی بەرۆکی ئۆکرانیا و ڕووسیای گرتووە و شەڕەکەش وا پەلدەهاوێت بەرەو ئەورووپا، چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکە پەیوەندی بە غازەوە هەیە کە ڕووسیا بۆ ئەوروپای دابین دەکات.
لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەی کۆتای مانگی مارچدا شەڕەکەلەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا قوڵتر دەبوویەوە، سێ کۆڕبەندی گەورە لە تورکیا و دووبەی و قەتەر بەڕێوەچوو، لە هەرسێکیشیاندا کورد لە ئاستی باڵادا بەشداری دەکرد و پێگەی خۆی هەبوو، باس لە پرسی غاز دەکرا، لەلایەکی دیکەشەوە ئەوروپا بۆ ئەوەی پێیەکانی لە ڕووسیا ببڕێت بەدوای سەرچاوەیەکی دیکەی غازو گازدادەگەڕێت.
کاتێک لە دووبەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارزانی کوڕ ئامادەی وڵاتەکەی بۆ هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا ڕادەگەیەنێت، ئێستا ئەوروپا دەیەوێت چی بکات و ئێران و ڕووسیاش کە غازەکەیان لە حەوشەی پشتەوەی خۆیان مەغزەن دەکەن چی دەکەن?
کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیای کرد باس لەوەکرا کە بە بۆڕی غازی کوردستان دەگەیەنرێتە تورکیا و عێراقیەکانیش بەوەڕازی دەبن کە لە ڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە غازەکەی خۆیان بگەیەننە تورکیا و لەتورکیاشەوە دەگاتە ئەوروپا.
ئەوروپییەکان بەدوای بەدیلێکی باشی مۆسکۆدا دەگەڕێن، لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتوون گازی شل لە واشنتن بکڕن، بەڵام ئەو غازە هێندە تێچووی هەیە کەزۆر خراپ لەسەر باخەڵی ئەوروپییەکان دەکەوێت، ئێستا جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە بەرچاوی ئەوروپییەکان کە گاز و پێداویستییەکانی دیکەیان لە کوردستانەوە فەراهەم بکەن.
پڕۆژەی ئاشتی ئەبراهام کە ئیسڕاپیل سەرپەرشتی دەکات کە بەواتای ئەوەدێت، فریشتەکانی بەنی ئیسڕائیل باڵە سپی و جوان و فراوانەکانیان بۆ گەلانی ناوچەکە کردوەتەوە و دەیانەوێت ئاشتی هەتاهەتای لە سایەی ئەبراهامدا ڕوولە ناوچەکە بکات، بریتییە لەوەی کە غاز و گاز و نەوتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل و کوردستانیش لەو هاوکێشەیەدا بەرەو ئەوروپا بڕۆن و لەسایەی ئەم ئاشتیەدا ئەورووپیەکان گەرمیان دەبێتەوە و باخەڵی ئێمەش پڕ لەپارە دەبێت و ئیتر ڕووسەکان و ئێرانیەکانیش هێندە بێمنەت نابن.
ڕووسیا و ئێران لە فریشتەکانی بەنی ئیسڕائیل و پڕۆژەی ئاشتی ئابراهام زۆر نیگەرانن، بۆیە پەیتا پەیتا یەکێکیان موشەک بە کێڤدا دەکات و ئەوی دیکەیان مووشەکەکانیان بۆ هەولێر دەنێرێت، چونە تێگەیشتوون ئەمجارە ئەبراهام پوڵو ڕۆبڵ لە تارانو مۆسکۆ دەبڕێت.
لە نەخشەی سیاسی و ئابوری نوێی جیهاندا ئەم جارە کوردەکان سیاسەتێکی نەرم و حەکیمانە و بەهێز دەکەن، تورکیا لەبارەی کایە سیاسەکەوە نەرم و هێورترە، عێراق ناچاری قبوڵکردنی ئەو حەقیقەتەیە، ئێران کە نایەوێت قبوڵی ئەو گۆڕانکارییە دەکات، دووبارە ئامادەکاری بۆ ناردنی میوانی ناوەختی نیوەشەوی وەک فاتیح و کروز بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.
گەر هاوکێشەی جەنگی ڕووسیا بۆ پۆتین بریتیبێت لەگەڕانەوەی عوزمای سۆڤیەت بێگومان بۆ ئەوروپا واتە کردنەوەی دەرگای نوێی وزە و بۆ کوردستانیش واتە کرانەوەی ئابوری جیهانی، ئەوە لەکاتێکدایە ئەم شەڕە بۆ ئێرانیەکان هیچ خێروبەرەکەتێکی نییە.
بەم شێوەیەش جیهان چاوەڕێی نەوەیەکی نوێی سیاسی و ئابوری دەکات لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستتدا بۆ ئەوەی بتوانێت ئیدی لە سۆڤیەتی نوێ نەجاتی ببێت.
کوردستان ئەحمەد.
سەرچاوە هەرێم نیوز
پارتی سهربهستیی کوردستان ©