لە ماوەی چەند ڕۆژێ رابردوودا لە لایەن کەسانێک یا هیندیک لایەنی تازەدامەزراو، لە ژێر ناوی لایەنی سەربەخۆییخوازەوە، جۆرە لێدوانێک دژ به ڕەوتی فیدڕاڵی خوازەکانی ڕۆ
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی لە لایان: پارتی سەربەخۆیی کوردستان و پارتی سەربەستیی کوردستان.
هاونیشتمانانی بەڕێز و نیشتمانپەروەر ، پارت و لایەنە کانی کوردستانی !
لە ماوەی چەند ڕۆژێ رابردوودا لە لایەن کەسانێک یا هیندیک لایەنی تازەدامەزراو، لە ژێر ناوی لایەنی سەربەخۆییخوازەوە، جۆرە لێدوانێک دژ به ڕەوتی فیدڕاڵی خوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دونیای مەجازی، و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە. لە بەر ئەوەی کە بەشێکی بەر چاو لە خەبات و تێکۆشانی لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسی کورد، کەمبایەخ کراوە، گلێی و نیگرانی زۆربەی چاودێرانی سیاسی، و ئەندامان و لاینگرانی ئەو لایەنانە لە مەڕ شێوەی بیرکردنەوەی سەربەخۆییخوازان بە شوێن خۆیدا هێناوە.
ئێمە وەک ٢ لایەنی دێرینی سەربەخۆییخواز. پارتی سەربەستیی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان.
کە ماوەی دەیان ساڵە لە پێناو ڕزگاری یەکجاری کوردستان لە هەوڵ و تێکۆشانداین، سەرەڕای جیاوازی لە شێوازی گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاری، لەگەڵ بەشی هەرە زۆری لایەنە کوردستانیەکان پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدایە. وە هەوڵ وتێکۆشانمان زیاتر کردووە لە پێناو ئاشتی وتەبایی ناوخۆی ماڵی کورد.
ئێمە وەک ئەو ٢ لایەنە، وێرای ئەوەی کە بەردەوام پێداگردەبین لە درێژەدان بە خەباتی سەربەخۆییخوازی لە پێناو ڕزگاریی یەکجاری کوردستان، بەڵام هەر جۆرە لێدوانێک لە ژێر ناوی سەربەخۆییخوازی، کە بۆنی سازدانی دووبەرەکی و تێکدانی یەکڕیزی ناو ماڵی کوردی لێ بێت، یان بێڕێزی بەرامبەر بە پارتە سیاسییەکان، بە سەرکردە و پێشمەرگە و شەهیدانی کوردستانی تێدا بەدی بکرێت، بە تووندی ڕەد دەکەینەوە، و بە خەباتی سەربەخۆییخوازی نازانین و ناناسین.
بێگومان دووبەرەکی و شێواندنی ناو ماڵی کوردی! ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە قازانجی داگیرکەران و نەیارانی ڕزگاری یەکجاری کوردستان دەشکێتەوە. پێویستە تێکڕاو وێکڕا لە هەوڵی خۆشەویستکردن و بە گوڕترکردنی خەباتی سەربەخۆییخوازی لە کوردستاندا بین.
لەو پێوەندییەشدا داوا لە گشت ڕاگەیاندنە کوردستانیەکان و گشت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە بۆچوونی لایەنێک یا تاکێک لەو بوارەدا بە بۆچوون و هەڵویستی گشت پارت و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی کوردستانی، لێکنەدرێتەوە.
بەردەوامی ئەم جۆرە لێدوانانەو سەپاندنی خواستی لایەنێکی دیاریکراو دژ بە لایەنی بەرامبەر، کاردانەوەی نەخوازراوی لێ ئەکەوێتەوە و لە قازانجی داگیرکەران زیاتر بەرهەمێکی دیکەی نابێت.
هەر لەو پێوەندییەشدا داوا لە گشت ئەو : تاک و لایەنانە دەکەین، کە خۆیان لە ڕەوتی خەباتی سەربەخۆییخوازاندا دەبیننەوە، ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی دەیانساڵەی پارتە شۆڕشگێڕەکان بگرن، کە تێکۆشانیان پڕە لە مێژووی خۆڕاگری و بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکەران، و لەو پێناوەشدا خاوەنی هەزران شەهید و بریندارو دەربەدەرکراون.
با ئاڵووگۆڕی بیروڕاکان لە چوارجێوەی دیالۆگێکی سالم و دۆستانەدا بێت، نەک زمانی زبر بەرامبەر بە یەک.
ئەرکی هەموومانە کە بەرژەوەندیەکانی تاک و حیزب فیدای بەرژەوەندی نیشتیمانی و یەکریزی ویەکدەنگی لایەنە کوردستانیەکان بکەین
شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی ڕەواوی سەربەخۆیی یەکجاری نیشتیمان.
ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
25/2/2022
پارتی سهربهستیی کوردستان ©