ئەگەر بەراوردی ڕووداوەکانی جیهانی سەردەمانی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی مێژوویی جیهانی بکەین، دەبینین کە زۆربەی پیلانەکانیان بەرامبەر بە هەر نەتەوەیەک! لە پایەخت و
کرماشانی پایتەخت: باخچەیەکی فڕە ڕەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، و بومبێکی بە هێزە بۆ تێکدانی دەسەڵاتی داگیرکەران.
ئەگەر بەراوردی ڕووداوەکانی جیهانی سەردەمانی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی مێژوویی جیهانی بکەین، دەبینین کە زۆربەی پیلانەکانیان بەرامبەر بە هەر نەتەوەیەک! لە پایەخت و گەورەشاری ئەو نەتەوانە دەستیان پێکردووە. چوون هەمیشە پایتەخت و گەورەشارەکان، کە ناوەندی ئابووری و کولتوری و زیندوومانەوەی نەتەوەکەیە، وەک کلیلی سەرەکی دەڤەرەکە ئەژمارکراون.
لەو وڵاتە داگیرکەرەی کە لە ئێستادا پێێ دەگووترێت ئێران، لە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی نیشتیمان، لە سەردەمانی پێش دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، و سەردەمانی ئێستای ئەو ڕێژیمەش، هەمیشە بە مەبەستەوە هەوڵدراوە زۆربەی توانا و هێزەکانیان بە ڕێگەی جوارجۆرەوە لە کرماشان خستووەتە گەڕ، بە مەبەستی ئەوەی کە بیرۆکەی ناسیونالیزمی کوردی لەو دەڤەرە گرنگە بە هێزو بە غیرەتە پەرە نەسێنێت. لەو بوارەشدا، بێجگە لە تەپاندنی هێزی زۆری چەکدارو سوپاو سەرباز، هەوڵی گەورەکردنەوەی کێشەی مەزهەبی و ئاینیی و کولتوری و زاراوەیی بەردەوام دراوە. هەوڵی لاوازکردنی ئابووری، و تێکدانی هەیمەنەی شارەکە دراوە. هەوڵدراوە کە مادەی هۆشبەر زۆر بە ئاسانی لە نێوخەڵکدا بڵاوبکرێتەوە و شیرازەی خێزان تێکبدات، و گەنجانی پێوە سەرقاڵ بکرێت. بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە تاکێکی ساڵمەوە، بکرێن بە کەسێکی ئاڵوودە بوو(موعتاد) بۆ ئەوەی هزری نەتەوەیی لە مێشکیاندا چرۆ نەکات.
بەڵام لە ئاکامی تەواوی ئەو هەوڵانەو پڕۆژە ژەهراوییەکانیان، لە کۆتاییدا شکەستیان هێنا.
هەر چەند بەشێک لەو خراپکاریانەیان کاریگەری تا ڕادەیەک لە ناو خەڵکەکەدا دروستکردووە. بەڵام لە ئێستا بیرۆکەی ناسیونالیزمی کوردی و سەربەخۆییخوازی خەڵکی ئەو پاڕێزگایەوە، گەیشتووەتە ئاستێکەوە لە کۆنترۆڵی ئەواندا نەماوە. دەتوانم بە بەڵگەوە بڵێم کە ئەو شەپۆلە نەتەوەییەی کرماشان و ئیلام و دەڤەرەکانیان، زیاترە لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستانیشەوە، کە ئەوە دەڵێم بەو مەبەستە نییە تێکۆشانی هیچ ناوچەیەک کەمکەمەوە، تەنیا مەبەستم ئەوەیە کە لە ئاکامدا هەوڵی داگیرکەرە فارسەکە سەری نەگرت.
هەروەهاش کە ئاماژە بە کرماشان دەکرێت وەک پایتەخت، بە واتای ئەوە نییە شاری دیکە بە گوونجاو یا شایستە نەزانرێت بۆ بە پایتەخت بوون. هەموو شارێک خاوەنی مێژوو پێکهاتەوە تایبەتمەندی و خۆشەویستی خۆیەتی، لە ئاست ڕووداوەکانی مێژووی گەلەکەماندا.
بەڵام بە پێ پێوەری هەڵسەنگاندنی بە پایتەختبوونی هەرشارێک لە هەر وڵاتێکی خاوەن کیان، یا هەر نەتەوەیەکی نیشتیمانداگیرکراو، پێویستە لانیکەم بەشێک لەو خاڵانەی خوارەوەی تێدا بە دی بکرێت، کە لە کرماشانەوە بە زیاتر بەدیدەکرێت. بە شێوەی خوارەوە.
١ / کرماشان وەک پاڕێزگایەک بە ڕێشەو مێژوو پێکهاتەی تەواوەوە کوردستانییە کە: هەر بەو هۆکارەش هەمیشە لە درێژایی مێژووی داگیرکاری فارسەکاندا، بەر پەلاماری گۆڕینی دێمۆگرافی و فەرهەنگی و پەروەردەیی کەتووە. هەوڵدراوە کارمەندانی فارسی زمانی شارەکانی ئێرانی لە ناو کرماشان دامەزرێنن، هەوڵدراوە کێشەی ئاینی ومەزهەبی وتایفەیی و هیدیکە، لە ناو شارو شارووچەکانی دروست بکەن. لە درێژای مێژوودا چەندین جارشی هەوڵیانداوە ناوەکەی لە کرماشانەوە بگۆڕن بۆ ناوی دیکە، بەڵام لەوەش سەرکەوتوو نەبوون. بگرە دەیان بەڵگەی دیکەش هەەیە ەک گرنگی قورسایی ئەم پاڕێزگایە بۆ داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد و کوردستان دەسەلمێنێت، وڵامی ئەو پرسیارەن کە بۆ هەمیشە داگیرکەران، هەوڵدەدەن بەرگی کورد و کوردستانی بوونی لە بەردا داماڵن، و وەک شارێکی ئێرانی فارسی نشین پێشانی بدەن.
یەکێک لەو بەسەرهاتانەی کە باسی لێوە دەکەن، لە سینارێوی بە ناوی هەڵبژاردنی چوارەمین دەورەی مەجلیسی ئێراندا. لە ناو یەکێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، عەلی ئەکبەری ناتقی نووری کە سەرۆکی ئەو دەورەی پەرلەمان بوو، بانگی خوا لێخۆشبوو ئیسماعیل تەتەری وەک نوێنەری ئەو کات گویا باختەران دەکات، بۆ ئەوەی قسە بکات، بەڵام بەڕێز تەتەری خۆی لێ بێدەنگ دەکات، تا دووجار بانگی دەکات بەڕێز تەتەری لەگەڵ تۆمە، ئەویش دەڵێت ببوورە من نوێنەری کرماشانم نەک باختەران. ئیتر بەو شێوە ناوەکە دیسانەوە بە کرماشان لە گۆڕەپانی وەزش و شوێنە گشتییەکان پەرەی پێدەدرێتەوە، و ڕێژیم ناچار دەبێتەوە لە باختەرانەوە بیگۆڕێتەوە بە کرماشان.
٢ / لە درێژایی مێژووی ئەم شارەدا دەیان دەسەڵات و ئیمپراتۆرو حکوومەتی جۆراوجۆری مێژوویی و ناوخۆیی تێیدا ڕوویداوە. کە زیاد لە مێژووی کۆندا مادەکان و ساسانەکان، لەگەڵ چەندین حکوومەتی خۆجەیی، ڕێشەو مێژوویان لە شارەکەدا ماوەتەوە و لە ئێستاشدا دەدرەوشێتەوە.
٣ / هەر سێ پاڕێزگاکانی ئیلام و لوڕستان و هەمەدانیش لە مێژوودا سەر بەم پاڕێزگا بوون، بەڵام بە پێی زیادبوونی سەرژمێری و گەورەبوونیان کراونەتە پاڕێزگای سەربەخۆ. بێجگە لەو ٣ پاڕێزگە کە ئاماژەی پێکرا، هاوسنووری سنەی قارەمانیشە، واتە کرماشان هاوسنووری زۆربەی پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئیتر دەروازەی گەیشتن بە زۆربەی پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشانەوە دەست پێدەکات. کاتێک باس لە هەمەدانی هەگمەدانەوە وەک پایتەختی مێژووی حکوومەتی مادەکان دەکرێت، ئەمەش شانازییەکی دیکەیە، کە کرماشان پڕکەرەوەی بۆشایی هەمەدان دەبێت. بە گشتی ئەو خاڵەش یەکێکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی بە پایتەختبوونی کرماشان.
٤ / گەورەیی کرماشان لە ئاست کوردستانی مەزن. کوردستانی مەزن خاوەنی٤ شاری گەورەیە بە ناوەکانی ئامەد(دیاربەکر ) لە باکووری وڵات، هەولێر لە باشووری وڵات، قامیشلوو لە خۆرئاوای وڵات، وە: کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات. کەوابێت بە پێی گەورەویی پانتایی پاڕێزگاکەش لە ئاست کوردستانی مەزن، ئەو شانسەی زیاترە.
٥ / شارێکی بە هێزی ئابووریی وخاوەن داهاتە، لە بوارەکانی سامانی ژێر زەوی وەک نەوت، گاز، ئاو. بۆ نموونە چەمەکانی گاماسیاو، قەرەسوو، دینەوەر، مەرگ، ڕازاوە، گامێشان، سیروان، ئەڵوەند، زریشک، لووشە، زمکان، و چەندین وردەچەم و کانیاوی گەورە، و سەرچاوەی دیکەی ئاوی شاخەکان. بە گشتی خاوەنی٤٢٥ یەکەی جۆراوجۆری ئابوورییە، کە بەشێکیان هی کاری دەستین، بە تایبەت فەرش و گڵێمی بە ناوبانگ.
٦/ سەرچاوکانی نەوت لە کرماشان، ئەوەی کەتا ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی داگیرکەرەوە ئاشکرا کراوە، کە گوایا١٤٠ª تەواوی نەوتی ئێران لە ناو شار و دەورو بەری پاڕێزگای کرماشانە. بە پێێ ئەزموونەکانی داگیرکەران کە هەمیشە ڕاستیەکانیان لە خەڵک شاردووەتەوە، هەر بۆیە گوومانی دووبەرامبەری ئەو ژمارەیە سەرچاوەی نەوتی و سامانی ژێر زەمینی زیاتر لە کرماشاندا بوونی هەیە. هەر بۆ نموونە دەیان هێکتار زەوی لە قەسری شیرین بە هۆی چەوری نەوت لە ژێرەکەیەوە، بە سیمی خاڵدار بەستراوە و ناهێڵین کەس لە چەند کیلۆمیتری ئەو شوێنەش هاتووجۆ بکات. ڕێژیم بە مەبەستی زیاتر گەرمبوون و ڕاپەڕینی کوردستانیان، ئەو نهێنییە ئابوورییە بە هێزانە ئاشکرا ناکات. هەر لەو پێوەندییەشدا خاوەنی دەیان پاڵاوگەی١٥٠ هەزار بۆ٢٠ ٠ هەزار بۆشکەی گەورەیە، کە هەرکام لەم پاڵاوگانە بە هەزاران کرێکار لە خۆ دەگرن. ئەمەش وا دەکات کە ڕادەی بێکاری لە پاڕێزگاکە تا ڕادەیەکی کەم نەهێلێت.
٧ / لە بواری جۆغرافیاییەوە، بە پێێ دانپێدانانی ئێرانی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئێستاداپاڕێزگای کرماشان، خاوەنی٢٢ شاری گەورە و شارستانە، بێجگە لە دەیان شارەدێێ گەورە. پانتایی گشتی پاڕێزگای کرماشان،٢٥/٢٤٤٣٤ کيلومێتری چوارگۆشەیە. کە لانیکەمی٤٦ لە سەدی پانتایی ئەرزییەکەی، بە پیت و بەرەکەتە بۆ کشت وکاڵ. بێجگە لە سامانەکانی سەر شاخەکان. وەک چەندین جۆر بەرد و بواری دیکە.
٨ / کرماشان شارێکی فرە ئاینییە، وەک ئیسلام بەشی شیعەو سوونی، ئاینی یاری کە ئاینیی یارسانەکانە وەک دووەمین ئاینیی پێکهاتەی پاڕێزگاکەیە. هەروەها وەک کەمینە ئاینەکانی دیکەی وەک: زەردەشتی، جوو، مەسیحی و بەهایی بوونینان لە پاڕێزگاکەدا هەیە، لە مێژوویی کۆنیشدا ئاینیی دیکەشی لێبووە و لە ئێستادا نەماون. بەتایبەت ژمارەی جووەکان زۆربوون کە لە کاتی سەربەخۆبوونی ئیسرائیل، لە ساڵی١٩٤٨بۆ سەرەوە کۆچییان کردووە بۆ ئەو وڵاتە تازەیان.
٩ / کرماشان شارێکی فرە زاراوەییە، لە ناو پێکهاتەکانی پاڕێزگای کرماشان، بێجگە لە کرمانجی و زازایی، بە گشت زاراوەکانی دیکەی کوردی قسەی تێدا دەکریت، کە ئەویش زاراوەکانی کەلهوڕێ یا گۆرانی، سۆرانی بە گشت لقەکانییەوە، هەورامی، لوڕی و لەکی و هیدیکە..
١٠ / شارێکی فرە کولتوری و فەرهەنگییە، کە بە پێێ پێکهاتەکانی ناو پاڕێزگاکە چەندین کولتوری جیاواز هەیە، وەک دەیان جۆر بەرهەمی هوونەری، وەک گۆرانی و موسیقا، تەمبووری تایبەت، هۆرە و سیاچەمانە، دەیان جۆر وەرزشی پاڵەوانی، دەیان جۆر هەڵپەڕکێی کوردەواری، دەیان جۆر جەژن و بۆنەی ئاینی و کولتوری، دەیان جۆر یاری کوردەواری. ئەمانە هەموو بە گشتی پارێزگاکای کرماشانیان لە فرە ڕەنگی و فرە کولتوری بە تەواوی هەم دەوڵەمەند کردووە، هەم جیاواز تریان کردووە.
بە پێێ ئەو١٠ خاڵەوە و دەیان خاڵی دیکەی باسنەکراو، باشترین بەڵگەی گرنگی ئەم سنوورەیە، بۆ ڕێژیمی فارسی داگیرکەری نیشتیمانی کوردستان. کە چەندە لە هەوڵی وشککردنی ئەم باخە فرە گووڵە ڕەنگینەیە لە نێو باخچە گەورەکەی کوردستان.
وە هەروەها بوومبێکی بە هێزی لەرزاندن و وەدەرنانی تاج و تەختی داگیرکەری سەدانساڵەی حاکمانی فارسە لە سەر ناوچەکە.
بەهێزتر بێت شەپۆلی سەربەخۆییخوازی لە کوردستان.
هەر ئاوەدان بێت کرماشانی پایتەخت. و کۆڵەکەی بە هێزی کۆکردنەوەی گشت شارەکانی خۆرهەڵاتی نیشتیمان.