نە من وەک نووسەری ئەم بابەتە، و نە هیچ کوردێکی ئازادیخواز لە جیهاندا، حەزی لە دژایەتی کردنی هیچ نەتەوە و وڵاتێک هەبێت، کە ئەگەر ئەوان کێشە و ماڵوێرانی بۆ ئێمەی
بۆ دەبێت لە نەتەوەی فارس خۆمان دوور بگرین? عارف باوەجانی
نە من وەک نووسەری ئەم بابەتە، و نە هیچ کوردێکی ئازادیخواز لە جیهاندا، حەزی لە دژایەتی کردنی هیچ نەتەوە و وڵاتێک هەبێت، کە ئەگەر ئەوان کێشە و ماڵوێرانی بۆ ئێمەی کورد دروست نەکەن. ناشبێت ئێمەش ئەوەندە ساویلکە بین و ڕێگە بدەین چیدیکە بێڕێزی و فێڵبازییەکانیان بە سەرماندا تێپەڕبێت.
ئێمەش پێمانخۆشە وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی سەر ئەم گۆی زەوییە خاوەن کیان و سەربەخۆیی خۆمان بین، و خەریکی پرۆسەی ئاوەدانی و ئاشتی و ئارامی بین. بەڵام بە داخەوە سەدان ساڵە نەتەوە داگیرکەرەکانی خاک و زێدی مە، هەمیشە لە هەوڵی وێرانکاری و تاڵانکردنی خاک و سەروەتی ئێمەن، و هەروەها خەریکی ناشیرینکردنی خەڵکی ئێمەن لە پێشچاوی جیهاندا، و بۆیان هەزم نابێت ئێمەش بە ئاشتی وئارامی بژین.
ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە تا ئێستا وەک ٢٠ ٢٠ ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی جیهان١٩٣ وڵاتن. هەروەها چەند وڵاتێکی نیمچە سەربەخۆش لە ژێر چاودێریدان. بێجگە لە ژمارەی وڵاتان، ژمارەی نەتەوەکانیش لە جیهاندا لە سەرەوەی ٥٠ ٠ نەتەوە دەبن، بۆ نموونەی وڵاتی وا هەیە چەندین نەتەوەی تێدا دەژی، و بێجگە لە نەتەوەی کوردیش، زۆر نەتەوەی دیکەش هەن کە هێشتا لە ژێردەستی ماونەتەوە.
مەبەست لەو ئاماژەی سەرەوە، بۆ ئەوەیە کە لە کۆی ئەو هەموو نەتەوانەی سەرگۆی زەوی نە هەموویان دژی ئێمەن و نە ئێمە کوردیش دژی هیچ کام لەو نەتەوانە بووین و و ناشبین، بێجگە لەو نەتوانەی کە سەروەری ئێمەیان داگیرکردوە، ئەویش٣ نەتەوەن، ئەو٣ نەتەوەش لەوانەیە چەند نەتەوەیەکی دیکەی بەرژەوەندیخواز پشتگیریان بکات، با بڵێین بە هەموویەوە و لە کۆی ئەو هەموو نەتەوانەی جیهان ١٥ نەتەوەن دژی ئێمەبن.
ناوەڕۆکی باسەکەی من لە سەر نەتەوەی فارسە، وەک بەشی داگیرکەری خۆرهەڵاتی کوردستان، واتە نەک هەر حکومەتەکانیان، بگرە وەک ڕەگەزی فارس، دەستیان بەسەر ئەو خاک و زێدەی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەدا گرتووە.
ڕاستییەک هەیە کە پێویستە هەموومان دان بەوڕاستییەدا بنێن، کە ئەم نەتەوە فرت و فێڵبازە لە نێو خۆیاندا و لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا زۆر زیرەکن. پەنا بۆ هەموو شتێک دەبن لە پێناو مانەوەی باڵادەستی خۆیان لە ئاست حکومەت و لە ئاست مێژووی دێرین وە لە ئاسەوارە دێرینەکاندا، کە لە حالێکدا لەو ٣ خاڵەش هیچیان هی ڕەسەنی خۆیان نین، بگرە هەموو هی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەن، بە نەتەوەی کوردیشەوە، کە ئەوان بۆ خۆیان دزیویانەو خۆیان کردووەتە خاوەنی.
کاتێک هەموومان دەزانن کە زمانلووسی فارسەکان، لە کەسێکی باڵادەستیانەوە بگرە تا کەسێکی زۆر ئاسییاندا، چەندە مەترسیدارە بۆ ئاسیمیلاسێۆنکردنی نەتەوەکەمان، ئەی کەوایە و بە چاوی خۆمان دەبین وبە گۆیی خۆما ن ئەو مەترسیە دەبینین، بۆ دەبێت ئێمە لە ژێر ناوی دەستەواژەی فریوەدەرانەی وەک مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازیەوە بێدەنگ بین? ئەوان هەمیشە لە نەرمی نواندنی کورد کەڵکی خراپیان وەرگرتووە، و بە نەتەوەکەی ساویلکە زانیوین.
بێجگە لە نەتەوەی فارس، ٢ نەتەوەی دیکەی وەک عەرەب و تورک داگیرکەری خاکی ئێمەن، بەڵام بەڕاستی من زۆر خۆشحاڵم بە دوژمنایەتییەکەی تورک و عەرەب، چوون ئەوان بە ئاشکرا پێمان دەڵێن ئێمە دوژمنی ئێوەین، ئیدی هیچ پێویست ناکات بە دوای بەڵگ و مێژوویاندا بگەڕین. بەڵام فارسەکان بە زمانلووسی و قسەی ڕاگەیاندنی زریقەو بریقەدار فریومان دەدەن، و دژیاتیەکە بەشتێکی کاتی حکومەتە ٤ ساڵ جارییەکەی دەزانن، و هانمان دەدەین، کە ئێمە خۆێن بدەین و قوربانی بدەین بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی فارسانی دیکەی بە ناو دیمۆکراسخواز.
یا بە لایەکی دیکەدا دەڵێن ئێوە خاوەنی رەسەنی ئێرانن، و بەو شێوە زیرەکان هەست و سۆزی ئێرانی بوونمان لادروست دەکەن، بۆ خزمەت بە مێژوو خاکی ئەوان.
ئەگەر ئاورێک لە مێژووی کۆمۆنیست و توودە و چەپ و چەریک و فیدایی و ئەکسەریەت و ئەقەلیت و سۆسیالیستەکانیشدا بدەینەوە، کە بە دروشمی گێلانەی یەکسانیخوازی، بەڵام بە کردەوە ناشیونالیستی فارسی ١٠ ٠ % ، دەبینین کە ئەوانیش چەندە توانیویانە لە سادەیی بە ناو سیاسیەکانمان کەڵکوەرگرن.
تەواوی حیزبەکانیان لە یەکەم ساڵی هاتنی خۆمەینی و هەڵاتنیان لە تاران، هاتوونە سەر خاکی کوردستان، و بوونەتە ئەرک بە سەر گووند نشین و حیزبە کوردییەکانیش لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان. هەر بەوەش نەوەستان و لەو ماوەی لە خاکی کوردستان بوون، بە ناوی مرۆڤدۆستی و یەکسانی و پێکەوە ژیان، بە سەدان لاوی کوردییان فریوداوە خزاندوویانەتە نێو ڕێخستنەکانی خۆیانەوە، و بە داخەوە بەشی هەرە زۆریشیان بە شەهیدکردن داون.
لەو کاتانەو لە ئێستاشەوە بگرە هیچ کام لەو لایەنە فارسییە بە ناو ئازادیخوازنە دانیان بە مافی ڕەوای گەلی کورددا وەک مافی چارەی خۆنوویسدا نەهێناوە، و تەنیا بە مەبەستی فریودان و ڕاگێشانی هەستی هیندیک کورد، هیندێک لەو حیزبە فارسییە ئێرانیانە لە گۆشەیەکی بەرنامەوپرۆگرامیاندا، باس لەخودموختارییەکی زۆر ئاسان دەکەن، کە بەراورد ناکرێت بە مافی شارۆمەندی گەڕەکێکیش.
یا هیندێکی دیکەشیان هەیە زۆر لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران تووندتر بە دژی گەلی کورد دەخۆێنن، و ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت هەر لە ئوروپاو ئەمریکاش جینوسایدمان دەکەن.
بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکیشە لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکایی، دیسانەوە کەوتوونەتەوە فریودانی کوردستانیان، و لە ژێر ناو ناوتۆرەی سەیر و سەمەرەی وەک شۆرای دیمۆکراسی و نازانم کۆمیتەی هاوکاری بۆ ئێرانی دورۆژ، کوردەکان لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، و لە توانای زۆڕی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە و زیرەکی کورد، کەڵکوەردەگرنەوە تا خۆیان دەگەینەوە تاران. جا ئەو کات سینارێوکان دووبارە دەبنەوەو تاران چۆن پەلاماری کوردستان دەداتەوە.
بێجگە لە فریودانی سیاسیش، بگرە لە پێوەندی کۆمەڵایەتیش ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە، لە تێکەڵاوی ژنو ژنخوازی و پاککردنەوەی هەستی نەتەوەیی لە نێو لاواندا. مێژووی دێرینی ناکۆکی فارسەکان لەگەڵ زۆر نەتەوەی دیکەش، ئەوەمان پێدەڵێن کە فارسەکان چەندە بە ئاسانی لە ڕێگەی پێشکەشکردنی کچانی شۆخ و شەنگی وڵاتەکەیان بە ئیمپراتۆرییەکانی دیکەی دژیان، و چۆنیان ئاشتکردوونەتەوە.
یا بە لایەکی دیکە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و مادە ئاڵکوڵیەکان دەیانەوە بیر و هزری لاوانی کورد بشێوینن وئاڵودەی شتی نەشیاویان بکەن.
کاتێک دەڵێم دژی فەرهەنگی وئەدەبیش، مەبەستم لەوەدایە کە زۆربەی هەرە زۆری پەرتووکە دێرینەکانی کوردستان چ لە ئاست مێژوویی و ئەدەبی و زمانەوانی و موسیکیی کوردیدا، هەموویان دەسکاری کردووەو بە شێوەیەکی ئیرانی و فارسی بەرگیان بۆ دووریوەو لە کورد و کوردستانی بوونیان دوورخستوونەتەوە. هەر زۆر بۆی دوور نەچین هەر لە ئێستاداو لە نێو سەدەی٢١دا، ژنانی دەست ڕەنگینی کورد لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جوانترین فەرشی دەستی دەنەخشێنن، بەڵام حاکمانی فارسی، بە ناسناوی Persian rugs فەرشی فارسی لە وڵاتانی دەرەوە بڵاوی دەکەنەوە و لە نێۆ بۆرسەی بازرگانی جیهانی بە ناوی ئەوانەوە دەناسرێت ودەفرۆشرێت و ڕەنجی کوردان بە فیرۆ دەدرێت،و ئەوان بە خاوەن مێژوو پێشە دەناسرێن.
منیش وەک خزمەتکارێکی ئەم نیشتیمانە داگیرکراوم، دەڵێم ئەی خەڵکی ماف و سەروەت و سامان زەوتکراوی کوردستانم، نەوەی ئیستاو داهاتووی وڵاتەکەم، تکایە هەرگیز بڕوا بە زمانلووسی و فرت و فێڵی فارس مەکەن، لە هەر جۆرە سەودایەکی سیاسی و پێکەوە کارکردن خۆتانیان لێ بە دوور بگرن، مێژووی هەڵەی سەردەمانی خۆتانیان لەگەڵ دووپات مەکەنەوە..
هەروەها بە بۆچوونی من دەبێت مرۆڤە نەتەوەییەکانی کورد، چاونەترسانەو بێ ڕوودەربایسی و دوودڵەکی لە ترسی بەرپرسانیان و حیزبەکانیان، لە بەرامبەر بە فرت و فێڵی فارسەکان بێدەنگ نەبن و نەوە دوای نەوەی خۆیان ئاگادار بکەنەوە، کە نەتەوەی کورد خۆی لەم فارسە مێژوو فەرهەنگدزانە دوورخاتەوە.
مەحوی شاعیر دەڵێت
شاهی ڕۆم و خاکی عەجەم موڵکی تۆبێ بەیەک عانە
عومری نوح و هێزی نەمروود زێڕی تۆبێ ئەم شاخانە
جەماڵی یوسفت هەبێ و زانایی لوقمانی حەکیــــــم
ئــەنۆشی شەڕابی مەرگ و خانەو لانەت گۆڕستانـــە
بەڕێزەوە : خەمخۆرتان
عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.
٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ی کوردی / ٢٣ / ٢ / ٢٠ ٢٠ ی زاینی
پارتی سهربهستیی کوردستان ©