مامۆستا شێخ عیزهدینی حسێنی، کهسایهتی سیاسی و ئایینی و نیشتمانپهروهری کورد، پاش ماوهیهک نهخۆشی له وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
ماتهمینی و دڵتهنگی خۆمان سەبارەت بە ڕێبەر و بیرمەند، تێکۆشەری لە مێژیینە و ماندوو نهناس مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی ڕادهگهیهنین.
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ههواڵی دڵتهزێنی کۆچی دووایی مامۆستا شێخ عێزهدینی حوسهینیمان پێگهشت، کە کاتژمێر 23.50 ی پێنج شەممە بیست و یەکی مانگی ڕێبەندانی ساڵی 2710 ڕێکەوتی 10 مانگی دووی ساڵی 2011 لە نەخۆشخانەی ئاکادێمیسکا لە شاری ئووپسالای وڵاتی سوید دڵی گەورەی مامۆستای زانا، ڕێبەر و بیرمەند، تێکۆشەری لەمێژیینە و ماندوویینەناس مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی لە تەمەنی هەشتاونۆ ساڵیدا لە لێدان کەوت.
لەم ڕۆژەدا دڵێک وەستا کە پڕ بوو لە هیواو ئومێد بە دواڕۆژێکی گەش بۆ گەلی کورد بەتایبەتی و بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە گشتی. ئەو دڵەی که پڕبوو لە خۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان و خۆشەویستی مرۆڤ.
مامۆستا هەر لە سەرەتای لاوییەوە کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف لەساڵی 2643 (١٩٤٣) هەتا دواتر لە پێکهاتنی کۆماری کوردستان و پاشان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و ڕەوای گەلی کورد لە ساڵەکانی دواتردا چالاکانە بەشداری کرد. لە نزیکەوە دۆست و هاوڕێی زۆربەی هەرە زۆری تێکۆشەران و ڕێبەران و خەباتکارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بووە و پرس و ڕاوێژی لەگەڵدا کراوە. بەشداری هەڵسووڕاوانە و زۆر بەرچاوی مامۆستا لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە دژی رژیمی شا و بەتایبەت رۆڵی بەرجەستەی مامۆستا شێخ عێزەدین وەکوو ڕێبەرێک و کەسایەتییەکی سیاسی “ ئایینی لە کوردستان کە زۆر بوێرانه لایەنگری ئازادی، یەکسانی نێوان ژن وپیاو، دیموکراسی و جودایی ئایین لە دەوڵەت بوو، چ لە کوردستان و چ لە ئێران و لە هەموو جیهان دەنگدانەوەیکی زۆری هەبووە.
بەهۆی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەیننیەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو بنهماڵهو کهس و کاری شێخ عێزهدین حوسهینی و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و هەموو لایەنگرانی ئازادی، مافی مرۆڤ و یەکسانی دەکەین لە هەموو جیهان.
سهرۆکایهتی پارتی سهربهستیی کوردستان
22 ڕێبهندان 2710 بهرامبهر 11 فێبراوهری 2011