شه‌ممه‌ 3 سه‌رماوه‌ز 2724

بارودۆخی کرماشانم چۆن دی ? (سه‌فه‌رێکی فه‌رهه‌نگی و کوردناسی ده‌ رۆژه‌، بۆ ناوچه‌ی کرماشان)

نووسینی به‌‌ڕێز: ح . س. سۆران
بارودۆخی  کرماشانم  چۆن دی ? (سه‌فه‌رێکی  فه‌رهه‌نگی  و کوردناسی  ده‌ رۆژه‌، بۆ ناوچه‌ی کرماشان)

هه‌ستی کوردایه‌تی له کرماشان زۆر به‌ هێزه‌. بۆ وێنه‌، له‌ بازاری کرماشان، هێنده‌ لیباسی جۆراوجۆری ئافره‌تی کوردی ئاماده‌ ده‌بینی، که‌ له‌ که‌م شاری کوردستانی مه‌زن هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌م سیپاڵانه‌ زوربه‌ی بۆ له‌به‌ر کردنی سه‌ر شایی و نێو ماڵه‌، ده‌نا ئافره‌تان له‌ شه‌قام، زۆریان لیباسی فه‌‌ڕه‌نگی{ فۆڕمی } یان له‌به‌ردایه‌، مه‌گه‌ر ئافره‌ته‌ به‌سالدا چوه‌کان . کوردی کرماشانی ره‌سه‌ن.

بـــــــــــه‌ نـــــــــــــــــــــــــــــــــاوی کــــــــــــــــــــــــــــــــــوردستانی گــــــــــــــــــــــــه‌وره‌.
بارودۆخی کرماشانم چۆن دی ?
{ سه‌فه‌رێکی فه‌رهه‌نگی و کوردناسی ده‌ رۆژه‌ ، بۆ ناوچه‌ی کرماشان . }
زۆر له‌ مێژ بوو، به‌ تاڵووکه‌ به‌ ئاواته‌وه‌ بووم ،‌ له‌ درێژه‌ی زنجیره‌ سه‌ردانه‌کانم دا ، بۆ ناوچه‌کانی کوردستانی گه‌وره‌ ، سه‌فه‌رێکی فه‌رهه‌نگی بۆ ده‌ڤه‌ر‌ی کرماشانیش بکه‌م ‌، به‌لام سه‌ر‌قاڵی و دڵه‌‌ڕاوکێی ژیانی ماشینی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ‌، ده‌رفه‌تی پێ نه‌ده‌دام ، تا له‌ رؤژی چواری مانگی ره‌زبه‌ری 2706 { 2006 } دا ، هه‌لێکم بۆ هاته‌ پێشه‌وه‌ و له‌ سه‌فه‌رێکی ده‌رۆژه‌دا ، چووم بۆ کرماشان .

سه‌فه‌ری کرماشان ، ئاواتێکی هه‌ره‌ ‌تاێبه‌تی بو بۆ من ، چون ده‌مویست له‌ نزیکه‌وه‌ ناوچه‌که‌ ببینم و بزانم ، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌ روانگه‌ی فه‌رهه‌نگی و هه‌ستی کوردایه‌تیه‌وه‌ ، له‌ چ ئاستێک دایه‌.
جا ، چون ده‌زانم زۆر له‌ هاو بیرانم و له‌ دڵسۆزانی گه‌ل ، دڵه‌‌ڕاوکێی شاری کرماشانیان هه‌یه‌ و له‌وه‌ ده‌ترسن ، که‌ بیلامانێ کرماشانیش نه‌بێته‌ که‌رکووک ، به‌ کورتی باسێکی کرماشان تان پێشکه‌ش ده‌که‌م “ له‌ سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که‌ له‌و جه‌وله‌یه‌دا دیم و ژنه‌فتم :

زمان :
به‌ گشتی ، نزیکه‌ی پتر له‌ نه‌وه‌د له‌ سه‌دی خه‌ڵکی خودی شاری کرماشان ، به‌ ره‌گه‌ز کوردن ، خۆیان به‌ کورد ده‌زانن و به‌ کوردی قسه‌ ده‌که‌ن . ئه‌و ده‌ ده‌رسه‌دی دیکه‌ ، زۆرتر ئه‌وانن ، که‌ به‌ ره‌گه‌ز کورد نین و وه‌ک ته‌واوی شارگه‌لی دیکه‌ی جیهان ، به‌ دوای کار و کاسبی دا هاتوون و له‌و شاره‌ گیرساونه‌ته‌وه‌ . ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مو شارێک ، شتێکی ئاساییه‌ ، به‌ تایبه‌ت بۆ کرماشان ، که‌ باژاڕێکی تڕانزیتی ئایینیه‌ . له‌م شاره‌ ، تاقمێکی هه‌ره‌ چکۆله‌ش هه‌ن ، به‌ تایبه‌ت له‌ نێو ئافره‌تانی لاو و خوێنده‌وار دا ، که‌ باوه‌کو کوردن ، به‌ڵام تؤزێک فارساوین و له‌وانه‌یه‌ به‌ { دایک } بڵێن { مامان} !!! که‌ ، وشه‌ی {مامان } یش ، به‌ ریشه‌ فه‌ ڕانسه‌ییه‌ . له شاری کرماشان ، زۆرتر به‌م چه‌ند زاراوه‌ و بن زاراوه‌ کوردیه‌ قسه‌ ده‌که‌ن : که‌ڵوڕی ، هه‌ورامی ، جافی { سۆرانی } ، فه‌یلی ، له‌کی و لوڕی { ئه‌زلۆڕیش هه‌ر به‌ کوردی ده‌زانم } . ئه‌وانه‌ش که‌ به‌ فارسی قسه‌ ده‌که‌ن ، زاراوه‌یه‌کی تایبه‌تی فارسیان هه‌یه‌ ، که‌ ده‌کرێ پێی بوترێ { زاراوه‌ی فارسی کرماشانی !!! } .
خۆم کرماشانی فارسی نیه‌زانم وه‌ زمان کوردی قه‌زات وه‌ گیانم .

کوردایه‌تی :
هه‌ستی کوردایه‌تی له کرماشان زۆر به‌ هێزه‌ . بۆ وێنه‌ ، له‌ بازاری کرماشان ، هێنده‌ لیباسی جۆراوجۆری ئافره‌تی کوردی ئاماده‌ ده‌بینی ، که‌ له‌ که‌م شاری کوردستانی مه‌زن هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌م سیپاڵانه‌ زوربه‌ی بۆ له‌به‌ر کردنی سه‌ر شایی و نێو ماڵه‌ ، ده‌نا ئافره‌تان له‌ شه‌قام ، زؤریان لیباسی فه‌‌ڕه‌نگی{ فۆڕمی } یان له‌به‌ردایه‌ ، مه‌گه‌ر ئافره‌ته‌ به‌سالدا چوه‌کان . کوردی کرماشانی ره‌سه‌ن ، هه‌ر لیباسێکی‌ له‌به‌ردابێ و ‌به‌ هه‌ر زاراوه‌یه‌ک قسه‌ بکا ، به‌ کوردی بیر ده‌کاته‌وه‌ و به‌ کورد بوونی شانازی ده‌کا ، به‌ تایبه‌ت ئه‌و جوامێری ، میوان نه‌وازی و مرۆڤایه‌تیه‌ ،که‌ له‌ کرماشان دیم، ئه‌زیش وه‌ک کوردێک شانازی پێوه‌ ده‌که‌م و پێی گه‌وره‌ بووم . به‌ تایبه‌ت ، له‌ رێنوێنی و هه‌ستی مرۆڤانه‌ی ، ئافره‌تی هه‌ڵکه‌وتو ، خاتو ژیلا گوڵ عه‌نبه‌ر، سپاس ده‌که‌م .

فه‌رهه‌نگی :
له‌ شاری کرماشان ، هه‌م کلاسی فێرگه‌ی زمانی کوردی نا ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و هه‌م کتێب خانه‌ و کتێبی کوردیش ، به‌ڵام له‌‌وێش وه‌ک شاره‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، نه‌ کلاسی ده‌وڵه‌تی کوردی هه‌یه‌ و نه‌ له‌ زانکۆ ، وانه‌ی ره‌سمی زمانی کوردی ده‌ڵێنه‌وه‌ . به‌ڵام کۆڕی ئه‌ده‌بی کوردی له‌ کرماشان هه‌یه‌، که‌ ئه‌ز چوو شمه‌ خزمه‌تیان . له‌م شاره‌ مرۆڤی نووسه‌ر ، هۆنه‌ر ، هۆنه‌رمه‌ند و رووناکبیری راسته‌قینه‌ زۆرن ، که‌ ده‌توانم بلێم ماموه‌ستا مه‌نسوور یاقووتی ، نووسه‌ری هه‌ڵکه‌وتوی کورد ، گوڵی بان چڵی ئه‌م دار{ شه‌جه‌ر‌} ه‌ پیرۆزه‌یه‌ . له‌ شاری کرماشان ، زۆر بڵاڤۆکیش ده‌رده‌چن ، که‌ زۆر‌یان فارسین ، به‌ڵام زۆربه‌ی نووسراوه‌کانیان ، سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی کرماشان و کورده‌واریه‌ . ئه‌م بڵاڤۆکانه‌ ، تا راده‌یه‌کی نه‌ چه‌ندان زۆریش ، به‌ کوردی مه‌به‌ست ده‌نووسن . له‌ کرماشان ، به‌ ناو ، ئیزگه‌ی رادیۆ و تێلێڤیزیۆنی کوردیش هه‌ن ، به‌ڵام پێویسته‌ زۆر له‌وه‌ کوردی تر بن . له‌ زۆر شار و شارۆچکه‌ی ناوچه‌ش ، کؤڕی ئه‌ده‌بی هه‌یه‌ ، که‌ له‌ نێو ئه‌وان دا ، توانیم دیتنی کؤڕی ئه‌ده‌بی جوانرؤبکه‌م .

ئایین :
باوه‌کو ئێمه‌ به‌ر له‌ هه‌مو شت ئینسانین ودوای ئه‌وه‌ کوردین و بۆ ئایینی هه‌مو که‌سیش رێز داده‌نێین ، پێویسته‌ بۆ روون بوونه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ بڵێم ، که‌ له‌ پارێزگه‌ی کرماشان ، زۆربه‌ی خه‌ڵک شیعه ‌، سوننی یا ئه‌هلی حه‌قن . ‌له‌م ناوچه‌یه‌ ، یه‌هوودی و مه‌سیحی کوردیش هه‌ن، بۆ وێنه‌ که‌نیسه‌ی یه‌هوودی ، له‌ گه‌‌ڕه‌کی جڵه‌و خان زۆر ئاوه‌دانه‌ . به‌ڵام هه‌ر چۆن بن ، زۆربه‌ی خه‌ڵکی کرماشان ، به‌ کوردایه‌تیه‌که‌یان ، گرنگی و بایه‌خی پتر ده‌ده‌ن .
له‌وه‌ گه‌‌ڕی هه‌موو کوردین له‌ نه‌ته‌وه‌ی کاوه‌ی گوردین

حه‌شیمه‌ت :
هه‌ر چه‌ند ژماره‌ی سه‌ر‌‌ڕاستی دانیشتوانی زۆربه‌ی شارگه‌لی کوردستانی گه‌وره‌ روون نیه‌ ، به‌ڵام پێم وایه‌ کرماشان گه‌وره‌ترین شاری کورد بێ ، ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ له‌ هه‌ولێر ، سلێمانی ، ئامێد و ... ی‌ش حه‌شیمه‌تی زۆرتر بێ . به‌ تایبه‌ت ، ده‌یانوت له‌ چه‌ند ساڵی رابوردو دا ، ره‌نگه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ دوبه‌رابه‌ر بووبێ . خه‌ڵکه‌ که‌ ده‌یانوت ، که‌ حه‌شیمه‌تی له‌ یه‌ک میلیۆن زۆر زیاتره‌ ? . به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ ، کرماشان بۆ جوانی ، پاکی و شه‌نگی دیمه‌نیش ، له‌بارترین شاری کوردستانی گه‌وره‌یه‌ ، که‌ ئه‌ز دیومه‌ . به‌ تایبه‌ت ، گه‌‌ڕه‌کی { نه‌و به‌هار } و ده‌وروبه‌ری تاقوه‌سان .
به‌‌ڕاستی بێ ده‌لیل نه‌بوه‌ ، که‌ چه‌ندین پادشای دڵته‌‌ڕ و ته‌‌ڕپؤشی وه‌ک خه‌سره‌وی په‌رویز ، کردویانه‌ته‌ پێته‌خت . به‌ تایبه‌ت ، شوێنه‌واره‌ مێژوییه‌کانی تاقوه‌سان ، بێستون و ... که‌ ده‌گه‌‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نزیکه‌ی 2000 ساڵ پێش ،کرماشان له‌ زۆر له‌ شاره‌ کانی دیکه‌ی کوردستان ، هه‌ڵ ده‌تاقێنن و ده‌یکه‌نه‌ شارێکی شاز و بێ وێنه‌ی کورده‌واری . تێبینی : بریا خۆمان ، به‌ ده‌ستی خۆمان، ئه‌و به‌رده نووسانه‌ی کرماشانمان وه‌رگێڕایه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی ، تا بزانین چۆن باسی کورد ده‌که‌ن ا . چون تا ئێستا هه‌ر مرۆڤی بیانی ئه‌م کاره‌یان کردوه‌ ، جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌ نیه‌ - ده‌ڵێن ده‌بێ هه‌ر مار به‌ ده‌ستی خڵک بگری و به‌س .

شار و شارۆچکه‌ کانی پارێزگه‌ی کرماشان و دروروبه‌ریان :
له‌م سه‌فه‌ره‌ دا ، زۆر له‌ شار و شارۆچکه‌کانی کرماشانیش گه‌‌ڕام . به‌ گشتی خه‌ڵکی پارێزگه‌ی کرماشان ، هه‌م کوردن و هه‌م خۆیان به‌ کورد و کورد ته‌بار ده‌زانن و ئه‌و شوێن و کاریگه‌ریه‌ی زمانی فارسی له‌ سه‌ر خودی خه‌ڵکی شاری کرماشان بوویه‌تی ، له‌ ناوچه‌گه‌لی ده‌ره‌وه‌ی شار ‌نیه‌تی . به‌ڵام هه‌ر له‌ زوه‌وه‌، له‌ ده‌ڤه‌ری سونقووڕ و کولیایی هێندێک تورکیشی لێیه‌ .
ئه‌مانه‌ هێندێک له‌ شار و شارۆچه‌کانی هه‌رێمی کرماشانن : پاوه‌ ، نه‌وسوود ، ماهیده‌شت ، بایه‌نگان ، جوانڕۆ ، ره‌وانسه‌ر ، شاهاوا ، کرند ، سه‌رپێڵ ، رێژاو ، سه‌حنه‌ ، بێستوون ، سونقوڕ ، دینه‌وه‌ر و... قسه‌ هه‌زاره‌ و دوانی به‌کاره‌ :
به‌ کورتی : جێگه‌ی دڵخۆشیه‌ ، که‌ شاری ده‌لالی کرماشان هه‌ر به‌ کوردی ماوه‌ته‌وه‌ ، رۆحی کوردایه‌تی له‌وێ هه‌ر زیندوه‌ و به‌ نموونه‌ی به‌رزی ته‌واوی شاره‌کانی کوردستانی گه‌وره‌ی ده‌زانم .

ئه‌مه‌ش چه‌ند دێڕ ، له‌ هۆنراه‌ی باغی ژین ، که‌ 15 ساڵ پێش نووسیومه‌ :
من له‌ مه‌یدانی ئه‌ده‌ب دا ، ره‌خشی هه‌ستم زێن ئه‌که‌م ،
ئاوی باغی شێعر ئه‌دێرم ، ئه‌شکی رۆح ئاژێن ئه‌که‌م .
عاشقی شیو و شه‌تاوی شاخی شاهۆ و ئایه‌نم .
که‌ی هه‌وای شار و شه‌قامی نه‌مسه و ماچین ئه‌که‌م .
ئه‌چمه‌ بانی عه‌رزی ته‌رزی شاخی سه‌ر به‌رزی ته‌ته‌ ،
سه‌یری هه‌ورامانی ته‌خت و پاوه و هه‌رسین ئه‌که‌م .
کوردی کرماشان و ئیلام ، قه‌لبی کوردستانمن .
من به‌ پێناسه‌ی له‌ک و لوڕ ،هه‌ست به‌ خۆ ناسین ئه‌که‌م .

به‌ هیوام له‌ نووسراوه‌ی داهاتو دا ، باسی سه‌فه‌ره‌ ئه‌نجامدراوه‌که‌ی پارێزگه‌ی ئیلام تان بۆ بنووسم و له‌ داهاتوی نزیکیش دا ، به‌ مه‌به‌ستی کوردناسی ، بچمه‌ زیاره‌تی لوڕستان و ناوچه‌ی چاڵدوران ، له‌ ماکۆ .

سه‌رنج :
هه‌وڵم داوه‌ که‌ ئه‌م نووسراوه ‌کورته‌ ، وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی بێگه‌رد ،راسه‌قینه‌کان نیشان بدا . ئه‌گه‌ر له‌ هێندێک جێگه‌ ،وێنه‌ی ئاوێنه‌ که‌ لێڵ بێ یا که‌م و کورتی ببێ ،هی ئه‌وه‌یه‌ ،که‌ به‌ پێی کات و جێگه‌ ده‌رفه‌تم له‌وه زیاتر نه‌بوه‌ .
تاران - 1 ی گه‌ڵارێزانی 2706 ی کوردی .
2006-11-02 17:17:06

18 ساڵ و 5 کاتژمێر و 58 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : وتار‌
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©