شه‌ممه‌ 3 سه‌رماوه‌ز 2724

ڕۆشنبیرو په‌روه‌رده‌

نووسینی به‌‌ڕێز: بارزان شوان، سوید
ڕۆشنبیرو په‌روه‌رده‌

خواست وکۆڵنه‌دان و گه‌‌ڕانی ڕۆشنبیران به‌ دوای زانست و زانیاره‌ تازه‌کانی جیهانی ئه‌وڕۆمان به‌ یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌ژمێردرێت ،ڕۆشنبیرانی تێگه‌یشتو هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ به‌ تێرو ته‌سه‌له‌یی خه‌مخۆری خواسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌کان بن. هه‌ر ڕۆشنبیریه‌ فێرمان ده‌کات چۆن جل وبه‌رگ بپۆشین? چۆن نان بخۆین?


خواست وکۆڵنه‌دان و گه‌‌ڕانی ڕۆشنبیران به‌ دوای زانست و زانیاره‌ تازه‌کانی جیهانی ئه‌وڕۆمان به‌ یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌ژمێردرێت ،ڕۆشنبیرانی تێگه‌یشتو هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ به‌ تێرو ته‌سه‌له‌یی خه‌مخۆری خواسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌کان بن. هه‌ر ڕۆشنبیریه‌ فێرمان ده‌کات چۆن جل وبه‌رگ بپۆشین? چۆن نان بخۆین? کێ وه‌ک هاوسه‌ر هه‌ڵبژێرین? وه‌ هه‌روه‌ها هه‌ر ڕۆشنبیریشه‌ تێمان ده‌گه‌یه‌نێت چلۆن ژێانێک بۆ خۆمان هه‌ڵبژێرین وه‌ ئه‌و جۆره‌ ژیانه‌ش بێگومان بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌مانان جۆره‌ سنوورێکی دیاریکراوی بۆ کێشراوه‌. زۆر خویایه‌ که‌ ڕۆشنبیرێکی خاوه‌ن بیروباوه‌‌ڕێکی زیندوو ده‌بێت هه‌ڵگری خووڕه‌وشتێکی تایبه‌ت بێت که‌ ئه‌ویش به‌ پێی کات و شوێن ده‌گۆڕدرێت و له‌ نه‌وه‌یه‌که‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌کی نوێتر ده‌گوێزرێته‌وه‌.

مانه‌وه‌ی ئه‌و داب و نه‌ریته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ هێنده‌ گرنگه‌ که‌ هه‌ر میلله‌تێک به‌و نه‌ریتانه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌یان هه‌ر به‌و داوه‌ به‌ تینه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ، به‌ بێ بوونی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریتانه‌ش کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت. ڕۆشنبیری ده‌توانرێت وه‌ربگیرێت و فێریش بکرێت، له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگاو خێزان پێویسته‌ که‌ به‌ به‌رده‌وامی ئه‌و خاڵه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ خودی داب و نه‌ریته‌وه هه‌‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێک و ڕه‌وان و به‌ گفتوگۆیه‌کی درووست ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت به‌ سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا بڵاوبکرێته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی ویراسی زگماکی له‌ نه‌وه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ئه‌وی دی ده‌گوێزرێته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ گرنگی و بایه‌خدان به‌ ڕۆشنبیرو ڕۆشنبیران له‌ نێو پێداویستیه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵده‌قوڵێت ، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ تاکه‌ ده‌توانێت له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی تیایدا په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت خۆی بگونجێنێت و خۆی له‌ سه‌ر بنه‌ما گشتیه‌کاندا ڕابهێنێت ، وه‌ هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و گوتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش که‌ کردمان هه‌ر ڕاستن چونکه‌ کۆمه‌ڵگا به‌ گشتی پێویستی به‌ خۆڵقاندنی که‌شێکی زانستیه‌ که‌ به‌ ڕکێفیه‌وه مرۆڤ‌ ده‌توانێت‌ خۆی فێری ڕۆشنبیریه گشتیه‌‌کان بکات، ئه‌ویش هه‌ر‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یارمه‌تی ئه‌وتێگه‌یشتنه‌ بتوانێت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێکڕا ببن به‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کتر، به‌و شێوه‌یه‌ ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌ سه‌ر ده‌به‌ن و کاردانه‌وه‌که‌شیان له‌ پاشه‌‌ڕۆژدا ده‌بنه‌ ڕاخستنی فه‌رشێکی نه‌رم بۆ نه‌وه‌کانیان که‌ هه‌رگیز مۆرانه‌ نه‌توانێت زه‌فه‌ریان بۆ به‌رێت .

جیاوازی نێوان ڕۆشنبیر و په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕۆشنبیری بریتیه‌ له‌ زانیاری و زانست به‌ڵام په‌روه‌رده‌ وه‌ک ئامرازێک وایه‌... که‌واته‌ بۆ نموونه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ ڕاستگۆیی بریته‌ له‌ جۆره‌ ڕۆشنبیریه‌ک که‌ به‌ هۆی فێرکردن و خوێندنه‌وه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیه‌وه‌ فێرکراوه‌، به‌ڵام به‌رنامه‌ داڕێژراوه‌که‌‌ی ئه‌و فێرکردنه‌ و به‌کارهێنانی ته‌نها به‌ توانایه‌کی چاک و به‌ تێگه‌شتنێکی‌ بنه‌‌ڕه‌تی ڕۆشنبیرانه‌ دێنه‌ به‌رهه‌م‌ . ڕۆشنبیری ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی ڕووناکی ده‌کاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر مراز هه‌بێت به‌ هه‌مان ڕێنمای فێرکردن ده‌توانرێت به‌ درووستی بڵاوبکرێته‌وه‌.

ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده له‌ یه‌ک هاوکێشه‌دا یه‌کتری ده‌گرنه‌وه‌و ته‌واوکه‌ری هه‌ڤدین ... کاتێک که‌ ڕۆشنبیری بریتی بێت له‌ ڕاگواستنه‌وه‌ی زانست... وه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ تاکه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیاریکراو به‌ لقێکی دانه‌بڕاو له‌ نێوان ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌ژمێردرێت‌ ،ئه‌و کاته‌ بێگومان هه‌ستی ڕۆشنبیری کار له‌سه‌رهه‌ر هه‌موویان ده‌کات و کاریگه‌ریش ده‌بێت له‌سه‌ر بۆچونه‌کانیان، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ په‌روه‌رده‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی جۆره‌ ئامێرێکی ڕێک و ڕه‌وان بۆ گواستنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری له‌ نێو چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کدا.. جا هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که‌ تاکه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵێک هه‌ست بکات که‌ به‌خۆی ڕاسته‌وخۆ به‌ کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌و‌ تێرخوارده‌ی مانا به‌رزه‌کانی سه‌ر به‌ تێکه‌ڵبوونی کۆمه‌ڵگاکه‌ی بێت، ئه‌و کاته‌ له‌ سه‌ر ده‌زگا سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌کان پێویسته‌ که‌ به‌ شێوازێکی زانستیانه‌ چۆنێتی باوه‌‌ڕی ولکاندنی تاکه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌ بنه‌ما ڕه‌سه‌نه‌کانی کولتوری سه‌ر به‌ میلله‌ته‌که‌یه‌وه ببه‌ستێته‌وه‌‌، ئه‌و جۆره‌ شێوازی‌ فێرکردنه‌ش نابێت به‌ زۆردی به‌ سه‌ر هاوڵاتیاندا بچه‌سپێندرێت به‌ڵکو ده‌بێت پلانێکی زانستیانه‌ی بۆ ئاماده‌ کرابێت، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێت ڕۆژانه‌ بۆ گه‌یشتن بۆ ئه‌و مه‌رامانه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ گشت بواره‌کانی ژیاندا پراکتیزه‌ بکرێن.

ئه‌گه‌ر بێت و ئاوه‌‌ڕێک له‌و پێشکه‌وتنه‌ ته‌کنیکیانه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیریه‌ گشتیه‌کان له‌ نێوان کۆمه‌ڵگا جوداکاندا بده‌ینه‌وه‌، یه‌کسه‌ره‌ ده‌بینین که‌ چلۆن ئه‌و زانستیه‌ بنه‌‌ڕه‌تیانه‌ کاردانه‌وه‌کانیان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگاکاندا به‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌کتر له‌ نێو ئاده‌میزاداندا بڵاوبونه‌ته‌وه‌، له‌ ‌هه‌مان کاتدا‌ ده‌بینین که‌ به‌ بۆنه‌ی کورت بوونه‌وه‌ی ڕێگاوبان و زۆری هاتووچۆو ئامێره‌ ته‌کنیکیو ئینته‌رنێته‌وه‌،‌ ئه‌و دیواره بڵنده‌ درووست کراوانه‌و ئه‌و سنووره‌ ده‌ستکراوانه‌ که‌ له‌ نێو کۆمه‌ڵگا جوداکاندا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ ئه‌وڕۆ به‌ چه‌کی زانست شکێندراون، ئه‌وڕۆ له‌ گشت جیهاندا به‌ ده‌گمه‌ن ناوچه‌یه‌ک ڕه‌چاو ده‌کرێت که‌ دوور بێت له‌ پێزانینی پێشهاتنی ڕوداوه‌کان، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ مرۆڤ زۆر به‌ ئاسانی له‌ شوێنێکه‌وه‌ بۆ شوێنێکی تر ده‌گوێزێته‌وه‌و تێکه‌ڵبوونیان به‌ ڕۆشنبیریه‌ جوداکانی نێو میلله‌تانی جیهان هه‌ر ڕۆژه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ مرۆڤ دووچاری فێربوونی بیروباوه‌‌ڕو ڕۆشنبیری نوێ ده‌بێت، پێکهاتنی ئه‌م بیروباوه‌‌ڕه‌ نوێیانه‌ له‌ گشت میانه‌کانی ژیانه‌وه‌ په‌لاماری بیره‌ چه‌وته‌کانی کۆنه‌په‌رستان ده‌داته‌وه‌... خۆ زۆر جار مرۆڤ به‌خۆی پێویستی به‌ ڕاگواستنه‌وه‌ش هه‌ر ناکات، به‌ڵکو به‌ بۆنه‌ی بوونی ساته‌لایت و دامو ده‌زگا بڵاوکراوه‌کانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ ڕۆشنبیری و تێگه‌یشتنی ژیانێکی مۆدێرنتر به‌ر گوێ و بیستی کۆمه‌ڵگا جوداکان ده‌بێته‌‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وڕۆ ناتوانین بڵێین که‌ مرۆڤ وتاکه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵێک ته‌نها به‌ سرووشته‌ ته‌سکه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو گشتمان به‌ سرووشتی گشت جیهانه‌وه‌ به‌ستراوینه‌ته‌وه‌.... ئه‌م ڕه‌وته‌ ته‌نها به‌ سروشتی مرۆڤه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵکو به‌ چوارچێوه‌ی ناوخۆی مرۆڤه‌وه‌ ته‌نگ بۆته‌وه‌و چۆته‌ ناخی بیرو هۆشی خودی مرۆڤه‌وه‌، ئه‌وڕۆ بۆ هه‌موومان دیاره‌ که‌ی قۆناغی جێگیر بوون و نیشته‌جێبوون ده‌ستی پێکردوه‌ ،،، ئه‌وڕۆ ده‌بینین کۆمه‌ڵگا جوداکان ئه‌و قۆناغه‌ جێگیربوونه‌‌ی هه‌زاره‌ی پێشووی تێپه‌‌ڕاندوه‌ که‌ پابه‌ند بوه‌ به‌ هه‌ندێک به‌ دابو نه‌رتیت و باوه‌‌ڕی کۆنه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی بریتی بوون له‌ بوونی خۆی و کولتوورو ڕابوردوو و داهاتوه‌یه‌وه‌، ده‌توانین بڵێین که‌ پێشبینی کردنی تێکه‌ڵبوونی دابونه‌ریت و کولتوره‌ جوداکانی سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگا جوداکانی جیهان وه‌ک تۆڕێک تێکه‌‌ڵ به‌ یه‌ک بوون، ئه‌م تێکه‌ڵ بوونه‌ وا له‌ نه‌وه‌ نوێیه‌کانمان ده‌کات که‌ پێویستی به‌ نرخاندنی هه‌سته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان نه‌کات و هه‌رده‌م ئاماده‌باش ده‌بن بۆ گۆڕینه‌ بنه‌‌ڕه‌تیه‌کان که‌ تایبه‌تمه‌ندن به‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌ربه‌خۆوه‌. ئه‌م پێشکه‌وتن و تێکه‌ڵبوونه‌ که‌ زۆر به‌ خێرایی ڕی ده‌کات بێگومان له‌ پاشه‌‌ڕۆژدا له‌سه‌ر چۆنێتی به‌سه‌ربردنی ژیانمانه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ر ده‌بێت‌... په‌روه‌رده‌ بریتیه‌ له‌ ئاماده‌کردنی نه‌وه‌ تازه‌کان بۆ خۆ تێکه‌ڵکردنیان له‌ نێو کۆمه‌ڵگایه‌کی تێگه‌یشتودا، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که‌ هه‌میشه ‌دابونه‌ریته‌کانی له‌ گۆڕانکاریدایه‌ بێگومان‌ کاریگره‌ له‌ سه‌ر مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی و خۆ ڕاهاتنه‌ ڕووبه‌رووی گشت داهاته‌ نه‌زانراوه‌کان. ئه‌و نه‌وه‌ تازه‌یه‌ی ئه‌وڕۆمان‌ پێویستی زیاتری به‌ خۆ فێرکردنی زانست وڕۆشنبیری هه‌یه وه‌ک له‌وه‌ی بیرکاته‌وه‌ له‌ ڕاکردن خۆشاردنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕووداوه ‌تراژیدیه‌کانی ئه‌ورۆیانه‌وه‌‌، ده‌بێت کۆمه‌ڵێک هه‌بێت به‌ ڕاستی ده‌ستی لاوان بگرێت و هانده‌ریان بێت بۆ مانه‌وه‌یان له‌ نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیاندا، ده‌بێت ده‌زگایه‌ک درووست بکرێت که‌ لاوان به‌ خۆیان بتوانن هه‌ڵیسوڕێنن، نه‌وه‌ک یه‌کێکی به‌ته‌مه‌نچو و نێزدیک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه‌ دابنرێت که‌ له‌ بری لاوان قسه‌و پێشنیار دابین بکات،،، ئه‌و ئاده‌میزاده‌ی که‌ هه‌میشه‌ خۆی ڕاده‌هێنێت و به‌رده‌وام خۆی فێری تامه‌زرۆی ڕۆشنبیری نوێ‌ ده‌کات و خۆی له‌ گه‌ڵ جۆگه‌ی فێربوونه‌وه‌ به‌‌ڕێ ده‌کات، بێگومان له‌ ژیانیدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، جا تا ئه‌و کاته‌ی لاوێک له‌ نێو کۆمه‌ڵگایه‌کدا قه‌بوڵ ده‌کرێت هه‌رگیز خۆی له‌ نێو گۆماوی نه‌زانیدا بزرو وون نه‌کات... که‌واته‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندیمان له‌ گه‌ڵ ئه‌نجام و پێشهاتی پێشکه‌وتنه‌ ته‌کنه‌لۆجیه‌کاندا توند بکه‌ین، خۆمان له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گۆرانکاریانه‌ی که‌ ڕۆژانه‌ به‌سه‌رماندا تێده‌په‌‌ڕن ڕابێنین، ڕۆژانه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌سته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانمان خۆی له‌ گۆماوی تێکه‌ڵبوونی کولتوره‌ جوداکاندا وه‌نده‌ بکات، ئه‌وه‌ی باشه‌ بۆخۆمانی بقۆزینه‌وه‌و ئه‌وه‌شی خه‌راپه‌ دووره‌په‌رێز بین و تێکه‌ڵ به‌و نه‌ریتانه‌ نه‌بین که‌ کار بکاته‌ سه‌ر ده‌روونمان و هه‌میشه‌ خۆمان وه‌دوورخه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌ندێک ڕه‌وشتی خراپی چه‌ند مرۆڤێک که‌ ده‌زانین به‌ره‌و نه‌مانمان ده‌بات.... لێره‌دا نۆره‌ی په‌روه‌رده‌ دێت و خۆی ده‌سه‌ڵمێمنێت،،، که‌واته‌ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌وه‌یه‌ک ئاماده‌ بکات توانای خۆ ڕاگرتنی هه‌بێت و ڕووبه‌‌ڕووی ڕه‌وشته‌ خراپه‌کان بێته‌وه‌و ئاماده‌ بێت بۆ وه‌رگرتنی گۆڕانکاریه‌ ئه‌رێتیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاوه‌، توانادارو لێهاتوو بێت که‌ بتوانێت داهێنه‌ری چه‌سپاندنی گۆڕانکاریه‌کان بێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا سه‌رپه‌رشتیشیان بکات،،، یه‌ک له‌ سه‌کۆ سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌کانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت ئاگاداری هه‌ڵسوکه‌وت وڕه‌وشتی نه‌وه‌کانمان بین، وه‌ هانده‌ریان بین بۆ داهێنان و هه‌میشه‌ درووستکه‌ری بنه‌ما نوێیه‌کان بین و فێری خۆڕاگرتن و ڕێز لێگرتنی یه‌کترو چاودێری بنه‌ما دیموکراتیه‌کان بین، بایه‌خدان به‌ لێهاتوویی و توانای لاوان بۆ به‌رهه‌م داهێنان به‌ یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ قۆناغه‌کانی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌ژمێردرێت، ئه‌و کاره‌ بنه‌‌ڕه‌تیانه‌ی که‌ که‌وتۆته‌ سه‌ر شانی ده‌زگاکانی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رده‌م بابه‌ت و زانسته‌ نوێیه‌کان وه‌ک وانه‌یه‌ک له‌ خوێندنگاکاندا بخوێنرێت ،‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێکی نوێ بۆ زانستگاکان دابڕێژرێن که‌ هه‌رده‌م له‌ گۆڕانکاریدا بێت .وه هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی ساڕێژکراوی ڕێگه‌ تازه‌کانی خوێندن و فێرکردن دامه‌زرێنرێت و مامۆستای ڕۆشنبیرو لێهاتوو بێنه‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌کانه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ر بنه‌ما دیموکراتیه‌کان په‌روه‌رده‌ کرابن .

بایه‌خدان به‌ کاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی سه‌ر په‌روه‌رده‌و فێرکردن یاخود په‌یوه‌ندی نێوان ڕۆشنبیری و خۆ ڕاهێنان له‌ سه‌ر و پراکتیزه‌ کردنی ده‌رچوانی تازه‌ی کۆلێژه‌کان و پێزانینی گرێ لکاوه‌کانی نێوانن ڕۆشنبیر و په‌یوه‌ندیان به‌ بازاڕه‌ کراوه‌کانه‌وه‌ ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگێنرێت ، به‌رده‌وام ده‌بێت تا ژیان ماوه‌ خۆمان ڕابێنین به‌ خۆفێرکردن و خوێندن و شێوازی نوێی بڵاوبوونه‌وه‌ی فێرکردنی مۆدێرن بۆ نه‌وه‌کانمان، په‌روه‌رده‌و ڕۆشنبیری له‌ ماڵ ده‌ست پێده‌کات و له‌ کۆمه‌ڵگا و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردووکیان کۆتایی دێت، ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ده‌رچووی کۆلێژه‌ ئه‌وه‌ ناگرێته‌وه‌ که‌ ئیدی ته‌واو ئه‌و مرۆڤه‌ بوه‌ به‌ ڕۆشنبیر، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر مرۆڤێکی تێگه‌یشتو ڕۆژانه‌ وه‌ک خواردن پێویستی به‌ فێربوون و خوێندن هه‌یه.

[email protected]
2006-10-21 19:03:04

18 ساڵ و 1 مانگ و 4 کاتژمێر و 7 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : وتار‌
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©